ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دھۆک و شارەزایەکی بواری ھەڵبژاردن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو لایەنانەی ئێستا گلەیی لە ئەنجامی ھەڵبژاردن دەکەن، پێش ھەڵبژاردن دەیانگوت تۆماری دەنگدەران پاککراوەتەوە، ئەمجارە سووری و ھیندی و مردوو دەنگ نادەن، یاساکە لە یەک بازنەوە کراوەتە چوار بازنە، کۆمیسیۆنی عێراق ھەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات و بواری ساختەکاری نییە، ئەوەش وا دەکات کۆتایی بە پارتی بێت، بەڵام خەڵکی کوردستان لەپشت وەستان و دووبارە پارتی بووەوە بەھێزی بێ ڕکابەری کوردستان.
پرۆسەکە زۆر باش بوو
د. ھەوار نێروەیی، ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمجارە سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بە سەدان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەکەیان کرد، نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕاستەوخۆ چاودێری پرۆسەکەی دەکرد، کۆمەڵێک وڵاتی جیھان دەستخۆشیان لە ھەرێمی کوردستان کرد کە بە باشترین شێوە ھەڵبژاردن کرا، سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی لە ھەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باشترین ھەڵبژاردن بوو، بەبێ کێشە و گرفت بەڕێوەچوو و ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز بوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی خوولەکانی پێش خۆی، لەگەڵ ھەموو ئەو کێشانەی کە لە لایەن ھەندێک لایەن بۆ پڕۆسەکەیان دروست کرد، یاسای ھەڵبژاردن گۆڕدرا، ھەڵبژاردن کرایە چوار بازنە، دەیان گوت ئەم ھەڵبژاردنە باشترین ھەڵبژاردن دەبێت و تەزوویر ناکرێت و دەنگەکانی حزبەکانی دەستەڵات بەتایبەتی پارتی کەم دەکەن، بەڵام پارتی ڕێژەی دەنگەکانی لە چاو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو زۆر زیاتر کرد، ئەوەش ئەو پەیامە دەگەیەنێت پارتی ھێزێکی جەماوەرییە، لەناو جەماوەر ھەڵقوڵاوە، لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵک ژیاوە و خۆی لە ئێش و ئازارەکانی خەڵک کردووتە خاوەن، بۆیە دەبێت پارتی ڕەخنەی لایەنەکان بە ئاسایی وەربگرێت، چونکە ھەر خۆیان بوون دەیان گوت تەزوویر و خرووقات ناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە د. ئارام نەجمەدین، شارەزای بواری ھەڵبژاردن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پڕۆسەی ھەڵبژاردن زۆر باش بوو، ڕاستە کەموکوڕی ھەبوو، بەڵام پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی ئەلیکترۆنی بوو، لە ئەلیکترۆنی کەموکوڕی ھەر دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو.
ھەندێک لایەن دوای لە دەستدانی متمانەی خەڵک بەھانە دێننەوە
ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دھۆک، زیاتر گوتی: دەبێت لایەنە سیاسییەکان دان بە پرۆسەکەدا بنێن، لە پێش ھەڵبژاردن دەیانگوت ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان باشترین ھەڵبژاردن دەبێت، بەڵام دوای کردنی ھەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن و لە دەستدانی متمانەی خەڵک، ھەندێک لایەن ڕەخنەیان لە پڕۆسەکە گرت و گوتیان خرووقات کراوە، حزبەکانی دەستەڵات تەزوویریان کردووە، بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکیان ھەبێت، ئەو لایەنانە ناتوانن ھیچ گومانێک بخەنە سەر پرۆسەکە، ئەو لایەنانەی ئێستا باس لەوە دەکەن تەزوویر کراوە، لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئەندامانی کۆمیسیۆنی ھەرێمی کوردستان لە لایەنەکانی دەستەڵات بوون باسیان لەوە دەکرد کۆمیسیۆن لە دەستی حزبەکانی دەستەڵاتە، بۆیە تەزوویر دەکرێت، لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە خۆ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق بوو، ھیچ ئەندامێکی حزبەکانی دەستەڵاتی تێدا نەبوو، کەچی دەنگی ھەندێک لایەن کەمتر بوون و دەنگەکانی حزبی دەستەڵاتداریش زیاتر بوون، ئەوەش زیاتر شەفافیەتی پرۆسەکە دەخاتەڕوو، ئەوە ھەموو بەڵگەنە و جەماوەری کوردستان گەیشتووتە ئەو بڕوایە کە جگە لە حزبی دەستەڵاتدار ھیچ ھێز و لایەنێکی دیکەی سیاسی ناتوانێت کوردستان بەڕێوەببات.
بەبڕوای د. ئارام نەجمەدین، شارەزای بواری ھەڵبژاردن، ئەگەر ھەندێک لایەن بانگەشەی ئەوە بکەن تەزوویر کراوە، یان ھەڵبژاردن پاک نەبووە، دەبێت بەڵگەیان ھەبێت و شەکوا بنووسن، ئەو کات کۆمیسیۆن لێکۆڵینەوە دەکات، بەڵام ئەگەر لایەنێک ھیچ بەڵگەیەکی نییە و تەنیا لەبەر ئەوە بێت دەنگی وەکو پێویست نەھێناوە بڵێ تەزوویر کراوە، تاکەی ئەو کلتوورە لەناوماندا دەمێنێت.
ئەرکی پارتی قورستر دەبێت
ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دھۆک، دەشڵێ: خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەرکی پارتییان قورستر کرد، پارتی لە ڕابردوو چەند توانیویەتی خزمەتی کوردستانیان بکات، دەبێت دوای پێکھێنانی کابینەی دەیەم زیاتر خزمەتی خەڵک بکات، ئەوەش وا دەکات لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا ڕێژەی دەنگەکانی خۆی زیاتر بکات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو حزبە توانیویەتی پەیامی خۆی بە باشی بە خەڵک بگەیەنێت، ئەویش پەیامی خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و مرۆڤدۆستییە.