لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکانیش بریتین لە دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکان، ڕاکێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، کۆنکرێتکردن و دروستکردنی دیواری پاڵپشت و قیڕتاوکردنی ڕێگەی سەرەکی دووسایدی ژێر بەرزەپرد.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم، لەسەر ڕاسپاردە و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شارۆچکە و گوند و ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری جێبەجێ کردندان.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: یەکێک لە پڕۆژەکان بریتییە لە دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکان و ڕاکێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، کۆنکرێتکردن و دروستکردنی دیواری پاڵپشت لە گەڕەکی بارزان لە سەنتەری قەزای ناوەندیی سۆران، کە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییەکان دادەنرێت، پڕۆژەکە بە گوژمەی ٦ ملیار دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت.
ھەژار حەکیم، جەختی لەوەشکردەوە: لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دروستکردنی بەرزە پردی دەروازەی ئیدارەی سۆران جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوکردنی سیمایەکی جوان بە دەروازەی سۆران دەبەخشێت و جەنجالی ھاتووچۆش کەم دەکاتەوە، لە ئێستادا کارکردن تیادا بەردەوامی ھەیە و دەست کراوە بە قیڕتاوکردنی دووسایدی ژێر پردەکە.