شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی سویسرا لە عێراق دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

دووشەممە 28-10-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە دانیێل هوون، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە “لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسڕا لە عێراق و دەستبەکاربوونی باڵیۆزی تازەی سویسڕا لە عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، ڕاشیگەیاند، گەلی کوردستان ڕێزی تایبەتی بۆ گەل و حکوومەتی سویسرا هەیە، هەروەها سەرۆک بارزانی هیواشی خواست کە پەیوەندییەکانی هەردوولا لە بوارە جیاجیاکان، بەتایبەت ژێرخانی ئابووری و تەندروستی فراوانتر ببێت.”

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستان هەبوو، هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و ئاشتییانە ڕاگەیاند و بە سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ گەلی کوردستان و دیموکراسی لە قەڵەم دا. هەر پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک بارزانی فەزڵی ئارامی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەکەی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە و کورتەیەکیشی لەبارەی هەنگاوە یاساییەکانی دوای پرۆسەی هەڵبژاردن خستەڕوو.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.