شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

لە وڵاتانی پێشکەوتوو دۆڕاو هەر لە دوای هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە لایەنی براوە دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

بە بەڵگە دەسەلمێنرێت ئەو هەڵبژاردنەی لەم خولەدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو پێشکەوتووترین و پاکترین هەڵبژاردن بووە کە تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرابێت و ئەو گومانەش کە هەندێک لایەن و کاندید خستیانە سەر هەڵبژاردن ڕاست دەرنەچوو و پێوەندی بەوە هەیە هێشتا لە کوردستان ماویەتی کلتووری قبوڵکردنی شکست دروست ببێت و دۆڕاو پیرۆزبایی لە براوە بکات.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بیستی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و هەر چەندە لە مانگەکانی بەر لە هەڵبژاردن هەندێک مشتومڕی جیاوازی بەدواوە بوو بە تایبەت دوای ئەوەی کە بۆ یەکەم جار دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق پڕۆسەکە بەڕێوە ببات.
لەدوای راپەڕینەوە کە لە هەرێمی کوردستان شەش خولی هەڵبژاردن بەڕێوە چوون کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو یاسایەی بۆی دیاری کراوە پێنج لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بەڕێوە بردووە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم لەبەر دوو هۆکاری بەسەرچوونی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنەکە و کۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمان جۆرێک بۆشایی یاسایی لە کوردستان هاتە کایەوە کە دواجار ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق سپێردرا.
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەندێک تێبینییان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە هەبوو کە سەرەکیترینیان ئەوە بوو یازدە کورسییەکەی کۆتاکان لادرابوون و بە هەوڵ و نارەزایەتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پێنج کورسییان بۆ گەڕێندراویەوە چونکە پارتی پێی وابوو ناکرێ لە کوردستان هەڵبژاردنێک بکرێت کە پێکهاتەکانی کریستیان و تورکمانی تێدا پشتگوێ بخرێت.
هەر چۆنێک بوو هەڵبژاردن لە بیستی مانگ بەڕێوەچوو کە جیاوازیی لەگەڵ خولەکانی پێشتردا هەبوو، بۆ یەکەم جار هەڵبژاردن کرایە فرەبازنەیی و بۆ یەکەم جاریش هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو و پێشکەوتووترین ئامێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەکار هات بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێکی ساختەکاری نەهێڵێتەوە.
هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کورستان بە تایبەتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە زیاتر حەزیان کردووە بە بەغداوە گرێ بدرێن و پێشتر بەردەوام گومانیان خستبووە سەر ئەو هەڵبژاردنانەی کە کۆمسیۆنەکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی بردبوون، بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنەکەی عێراق زۆر دڵخۆش بوون.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە لایەنی سەرەکیی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هەڵبژاردنەکانی پێشووی هەرێمی کوردستانیش دەرەنجامەکانیان ڕاستەقینە بوون، پێشوازی لێ کرد و ویستی پێگەی ڕاستەقینەی خۆی پێیان نیشان بدات.
ئەوە بوو هەڵبژاردن لە بیستی مانگ بەڕێوەچوو و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و ڕێژەی حەفتا و دوو لەسەدی دەنگدەران بەشدارییان کرد.
بە دانپێدانانی چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەڵبژاردنەکە پاکترین هەڵبژاردن بوو کە لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە و تاکە تێبینی و ناڕەزایەتیی زۆربەی لایەنەکانی چاودێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان ئەوە بوو پەنجەمۆری ژمارەیەکی زۆری خەڵک نەیخوێندەوە و لە دەنگدان بێبەش بوون.
ئەم کێشەیەش بۆ هەمووان بوو، چونکە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر تایبەت نییە بە یەک لایەنی سیاسی و ئەگەر زیانی هەبووبێت بۆ هەمووان وەک یەکە.
لەدوای شەشی ئێوارە کە کاتی هەڵبژاردن تەواو بوو سندووقەکان لە تەواوی کوردستان داخران، بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو کە هەندێک جار بە چەند سەعاتێک درێژ دەکرایەوە یان لە هەندێک بنکە چەند خولەکێک درەنگتر دایاندەخست و ناڕەزایەتی و گلەیی هەندێک لایەنی بەدواوە دەبوو.
ڕاستەوخۆ میدیاکان دەرەنجامی ئەلیکترۆنییان لە وێستگەکانی دەنگدان بۆ کەناڵەکانیان گواستەوە و دەرەنجامە سەرەتاییەکان بەر لە سەعات ١٢ی هەمان ڕۆژ دەرکەوتن و دوای ٢٤ سەعاتیش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی سەرەتایی ڕاگەیاند کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو و پێگە و کورسیی هەموو لایەنەکانی کوردستان ئاشکرا بوو.
سەیر لەوەدایە ئەوانەی بە سەرپەرشتیکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق شاگەشکە ببوون، کە دەرەنجامیان زانی و پێگە و سەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دەرکەوت کەوتنە دروستکردنی گومان و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لەوەی ساختەکاری کراوە، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بسەلمێنن. ئەوان لە میدیاکان گومانی جیاوازیان خستە سەر هەڵبژاردن بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنە روو.
هەر لەسەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ژماردنی دەنگی دەستی و دەنگی ئەلیکترۆنی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ یەکتردا نییە کە پێوەرێکی سەرەکیی لە نەبوونی ساختەکاری.
هەر ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگ موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکگرتوو، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، دوای هەڵبژاردن لە ٢٤ی مانگ نووسراوێکیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کرد و سێ داواکارییمان تێیدا خستەڕوو، یەکەم، داوایان کردبوو کە ڕێگە بدرێت ئەو ئامێرانەی کە لە دەنگدان بەکار هێنراوە، تێست بکرێت و بخرێتە ژێر تاقیکردنەوە. دووەم وێنە دەنگی هەموو بەشداربوونی هەڵبژاردن بدرێت بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. سێیەمیش ئەو دەنگدانەی کە پووچەڵ کراونەتەوە بدرێن بە لایەنە سیاسییەکان.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، چەند ئامێرێکی دەنگدان خرانە ژێر لێکۆڵینەوە، یەکێک لەو ئامێرانە بە دەرنافیز لە پێش چاوی خۆیان کرایەوە و پارچەکانی هەڵوەشێنرایەوە، لەوێ هەموو پارچەی ئامێرەکەیان بینی و بۆیان دەرکەوت ئەو بۆچوونانەی کە لەناو خەڵکدا هەیە ڕاست نییە، کە یەکێک لەو دەنگۆیانە ئەوە بوو مۆرێکی دیکە هەبێت لەنێو ئامێرەکە بۆ پووچەڵکردنەوەی دەنگەکان.
ئەو پەرلەمانتارە پێداگری کرد کە توانای سڕینەوەی مۆرەکەی سەر وەرەقەی دەنگدان ئەستەمە و هیچ ئامێرێک ناتوانێت ئەو کارە بکات، مۆرەکەش پێکهاتەیەکی کاربۆنی تایبەتە و خۆیان تێستیان کرد و کۆی تاقیکردنەوەکان ئەوەی سەلماند کە هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێن مۆری دەنگدان سڕاوەتەوە و هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە بیسەلمێنێت کە لەو هەڵبژاردنە ساختەکاری کرابێت.
پێویستە بگوترێ ئەو هەڵبژاردنە ئەوەی سەلماند لایەنێک کە دەنگەکانی کەم دەکات یان چاوەڕوانییەکانی بدی نایەت و دەدۆڕێت، ئەو ئیرادە و کلتوورەی نییە دان بە شکستدا بنێت و پیرۆزبایی لە لایەنی بەرانبەر بکات بەڵکوو تۆمەت هەڵدەبەستێت و دەیەوێت شکستەکەی بە شتێکی تر گرێ بدات.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو دۆڕاو هەر لە دوای هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە لایەنی بەرانبەر دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت بەڵام ئەوەی کوردستان لە کاتێکدا گومانی خرایە سەر کە لایەنی سێیەم و بێلایەن هەڵبژاردنەکەی بەڕێوەبرد.