شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

شاندی وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی 10 ڕادەستی بەغدا دەکات

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بە نیازن سەردانی بەغدا بکەن، شاندێکی تەکنیکیە و بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی لە لیستی مووچەدا هەن، سەردانی بەغدا دەکەن.”

هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو تێبینیانەی لەبارەی لیستی مووچەوە هەبووە، بە گوتەی وەزارەتی دارایی لە سەدا 75ـی چارە کراوە؛ دوای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی 10 ئامادە کراوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لیستەکە ڕادەستی بەغدا بکەن.”

ئەمجارە جگە لە ناوی چواریی مووچەخۆران، بەغدا داوای کردووە هەموو مووچە خۆر و فەرمانبەران ناوی چواری دایکیان ئامادە بکرێت و لەگەڵ لیستەکە ببرێتە بەغدا.

شاندەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوەبەری گشتیی لە بودجە و ڕاوێژکارانی وەزارەتی دارایی پێک هاتووە، بۆیە ئەوانە کە دەچنە بەغدا لیستی مووچەی مانگی 10ش لەگەڵ خۆیان دەبەن.

نزیکەی 35 هەزار مووچەخۆر کێشەی بایۆمەتریان هەیە، بڕیارە شاندەکە لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆ بکەن، چونکە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی هەینی و شەممەش بایۆمەتری ئەو مووچەخۆرانە دەکات کە کێشەیان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەیە دەیەوێت هەمو ئەو کێشانە چارە بکات کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق تێبینییان لەسەر هەیە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە “خەرجی مووچەخۆران بۆ مانگی 10 زیاتر لە 998 ملیار دینارە، بەهاوتا کراوی خانەنشینانەوە. بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیانەی شاندەکە لەسەر ئەو لێبڕینانەیە کە لەمانگەکانی ڕابردوو کراوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت مووچەی مانگی 10 بە دوو یان سێ گوژمە بنێردرێت.”