هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

وەزارەتی پەروەردە هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ فێربوونی ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف، ھەڵمەتی گەڕانەوەی بۆ فێربوونی ڕاگەیاند. وەزیری پەروەردەش، دەڵێت: ئامانج لەم ھەڵمەتە پێدانی دەرفەتێکی دیکەیە بە منداڵان و گەنجانی لە خوێندن دابڕاو یاخود ئەم منداڵانەی کە ھەرگیز نەچوونەتە بەر خوێندن.

ئامارەکانی ڕووپێوییەکی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەریدەخەن، ھەزار و ٤٤٦ منداڵ لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەو ژمارانەش ٥٥% لە خوێندن دابڕاون و ٩% ھیچ خوێندەوارییان نییە، ھاوکات بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بێت، زیاتر لە یەک ملیۆن مێردمنداڵی عێراقی بێبەشن لە خوێندن، ھەروەھا بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی ٢٤٤ ملیۆن منداڵ و تازەپێگەیشتوو لە سەرانسەری جیھاندا لە خوێندن دابڕاون، نزیکەی ٦١٧ ملیۆن منداڵ و تازەپێگەیشتوو لە سەرانسەری جیھاندا ناتوانن بخوێنەوە، ھەروەھا نزیکەی چوار ملیۆن منداڵ و تازەپێگەیشتوو بەھۆی ئاوارەییەوە لە خوێندن دابڕاون.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، ئاشکرای کرد: لەپێناو دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، وەزارەتی پەروەردە لە ڕێکەوتی ١ی ١٠ی ٢٠٢٤ ھەڵمەتی گەڕانەوەی بۆ فێربوون بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف لەژێر دروشمی “پەروەردە بۆ ھەمووان” ڕاگەیاند.
وەزیری پەروەردە، گوتیشی: ئامانج لەم ھەڵمەتە پێدانی دەرفەتێکی دیکەیە بە منداڵان و گەنجانی لە خوێندن دابڕاو یاخود ئەم منداڵانەی کە ھەرگیز نەچوونەتە بەر خوێندن.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، دەشڵێ: ئەم منداڵانە جارێکی دیکە لە ڕێگەی خوێندنی ئاسایی و نائاسایی و خوێندنی ئۆنلاین یاخود خوێندنی دەرەکی، دەتوانن دەستیان بە خوێندن بگات و دووبارە بەردەوامی بە خوێندنیان بدەن.
وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم ھەڵمەتە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ڕێکەوتی دەستپێکردنی بەردەوام دەبێت.