هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

یەكێتی چی لە “هەژماری من” دەوێت؟

‎هاودەنگ فارووق
لە مەسەلەی هەژماری مندا، یەكێتی جارێكی دی بەهەمان ستایلی خۆی، هەوڵی تێكدانی بەرنامەیەك دەدات. كە بەرلەوەی گورز وەشاندن بێت لە پرۆژەیەكی دارایی و ڕێكاری ئیداری حكوومەتی كوردستان، زەڕبەیەكی كەمەرشكێنە لە پرۆژەی دەوڵەتداریی كورد و نەتەوەسازیی كوردستان.
پرۆژەی هەژماری من، یەكەم تاقیكردنەوەی حكومڕانی كوردیە لەبواری بەئەلیكترۆنیكردنی سێكتەرێكی حوكم. واشدەكات فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تاكو كفری هەست بكەن یەك حكوومەتیان هەیە، لە یەك سەرچاوە مووچە وەردەگرن و، بەوەش هەستی هاوبەش و ئەرك و بەرپرسیارێتی یەكسانیان بۆ دروست دەبێت. واتە دەكرێت، بەستنەوەی سەرجەم خێزانەكان بەیەك سەرچاوەی داراییەوە، هەستی هاوبەش بۆ كورد دروست بكات، ئەو كێشەیەی كە لە بونیادی نەتەوەی كورددا هەیە، چارەسەر ببێت.
هەروەها لەڕووی تەكنیكی و حوكمڕانیشەوە، یەكەم هەنگاوی كوردە بۆ حوكمڕانی هاوچەرخی ئەلیكترۆنی، یەكەم ئەزموونە بەئاراستەی ڕاستدا. ئەوەیش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئەوانەی هەموو پێشكەوتنێكی كوردستان، بەزیانی خۆیان دەزانن، بۆیە لەبنەڕەتەوە دژایەتی بابەتێكی لەو جۆرە دەكەن.
هەژماری من، وێڕای ئەوەی لەڕووی تەكنیكییەوە جڵەوی دارایی دەخاتەوە دەستی یەك دەستەڵات كەوەزارەتی دارایی كوردستانە، هاوكات لەڕووی ئیداریشەوە، دەستەڵاتە ئیدارییەكانی حكوومەتی كوردستان دەكاتە یەك پاكێچ و لەیەك سەرچاوەوە جێبەجێ دەكرێن بەسەر ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی كوردستاندا. ئەوەش لەبنەڕەتەوە دژی ئامانجی داگیركەرانی كوردستانە كە دەیانەوێت كورد بەهیچ هۆكارێك پێشكەوتن و كامڵبوونی لەوجۆرەی بۆ دروست نەبێت.
ئێستا یەكێتی بەبیانوی مافی فەرمانبەر و بۆ ڕازیكردنی سۆسیالمیدیا، ئەیەوێت ئەو كامڵبوونەی كورد و ئەو پێشكەوتنە پەك بخات. هاوكات ئەوەیشی ئەو قەناعەتە بەهێزتر دەكات، ئەوەیە یەكێتی لەباتی ئەوەی ئەگەر تێبینییەكیشی هەیە لەڕێگەی یاسایی و خودی حكوومەتەوە كە خۆی تێدا ڕۆڵی بووە چارەسەری بكات، بەڵام دێت بەبڕیارێكی حزبی و خۆسەپێنی ئاستەنگ بۆ پرۆژەیەكی حكوومی گرنگ دروست دەكات. ئەوەش بەكورتی پەیامی دڵنیاییە بۆ داگیركەرانی كوردستان، كە هەتاكو یەكێتی هەبێت، ڕێگە نادات یەك حكوومەتی كوردستان، یەك ئینتیما و یەك هەستی نیشتمانی هاوبەش بۆ كورد دروست ببێت.