ئەمڕۆ شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 بانكی بازرگانیی عێراقی ناسراو بە TBI بڵاوی کردووەتەوە، دوو بنکەی فرۆشتنی دۆلار لە هەر یەک لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەینەوە، تێیدا خزمەتگوزاری پێدانی دۆلار بە گەشتیاران پێشکەش دەکەن، بەڵام پێویستە پێشوەختە هەر گەشتیارێک پارەی دیناری بە شێوەی کاش لە یەکێک لە بانک و لقەکانی بانکی بازرگانی عێراقی لە پارێزگاکانی موسڵ، هەولێر، سلێمانی، دهۆک دابنێت.
روونی کردووەتەوە، بنکەکانی پێدانی دۆلار لە سبەی یەکشەممە بەرواری 27ـی تشرینی یهكهمی 2024 لە هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەست بەکار دەبن، بە شێوەی حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا و 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.
هەر لە بارەی پێدانی دۆلار بە گەشتیارانەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕاگەیاند، بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕەزامەندی بە بانکی TBI دراوە بۆ ئەوەی نووسینگەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە نێو فڕۆکەخانەی هەولێر بکاتەوە و هیچ بڕیار و نووسراوێکی دیکەیان بە دەست نەگەیشتووە بۆ کردنەوەی نووسینگەی هیچ بانکێکی دیکە.
ئهمه لە کاتێکدایە، بە پێی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی تەممووزی 2024ـەوە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی عێراق دەستی پێ کرد، بەڵام بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی جێبەجێ نەکرا.
بانکی ناوەندیی عێراق ئامانجیەتی، دۆلار بگاتە گەشتیاریی ڕاستەقینە، بە گوێرەی بڕیارەکە هەر گەشتیارێک سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک پێ دەدرێت، بە مەرجێک گهشتیار 18 ساڵی تەواو کردبێت و گەشتەکەشی بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان. له بهرانبهردا ههر گهشتیارێك 15 ههزار دیناری لێ وهردهگیرێت.