هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: مافی ئێرانە بەرگریی لە خۆی بکات

شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، “به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە.” ئاماژەی بەوەش کرد “ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل.”

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک لە پێگەی سەربازیی لە ئێران دەکەین، ئەوە دەستدرێژی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەتایبەتی بنەمای پێشگرتن لە هەڕەشەکان، یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکپارچەیی خاکی و سەروەری نیشتمانیی دەوڵەتەکان.”

لە بەیاننامەکەشدا ئەوە هاتووە “هەروەک چۆن لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەندان جار جەختی لەسەر کراوەتەوە، ئێران پێی وایە بە پشت بەستن بە مافە دەستوورییەکانی خۆی، مافی بەرگری شەرعیی لە خۆی هەیە، وەک لە مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە.”

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران “بە پشتبەستن بە هەموو توانا ماددییەکانی خۆی و گەلەکەی لە پێناو بەرگریی لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ژیان و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی، بەرپرسیارێتی تاکەکەسی و دەستەجەمعی دووپات دەکاتەوە لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو وڵاتانی ئاشتیدۆست لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە کرد.”

وەزارەتەکە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە “گومانی تێدا نییە، بەردەوامیی داگیرکاری و پێشێلکاری نایاسایی و تاوانکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تاوانەکانی دژ بە گەلی فەلەستین و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر لوبنان ‘بە پشتیوانیی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسیی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی’ هۆی سەرەکی گرژی و نا ئەمنیی لە ناوچەکەدا پێک دەهێنن.”

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسن لە ڕێککەوتنی پێشگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید؛ ڕێککەوتنی چوارەمی جنێف لە ساڵی 1949″ بەبیر هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی هێنایەوە کە هەنگاوی بەپەلە و کۆمەڵ بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییە قورسەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەی ڕێگریی لە جینۆساید و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، کە لە هەمان کاتدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێک دەهێنن.”

ناوبراو جەختی لە هەنگاوی خێرا و بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی جینۆساید، شەڕ و دەستدرێژیی دژی غەززە و لوبنان و سنووردارکردنی سوپای ئیسرائیل کردەوە.