هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی : پارتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات و مەبەستیەتی هەمووان بەشداربن لە حکوومەتی نوێ

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بەراورد بە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ـی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەماندا، پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە ١٣٠ ھەزار دەنگی زیاد کردووە. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، دەڵێت: پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەت دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات و مەبەستیەتی ھەمووان بەشداری حکوومەت بن و بەیەکەوە کوردستان زیاتر سەقامگیر و ئاوەدانتر بکەنەوە.

ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنەکە، سێ ملیۆن و ٨٥ ھەزار و ٤٦١ کەس مافی دەنگدانیان ھەبووە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٨٤٥ ھەزار و ٩٧٩ کەس بەشداریان لە پرۆسەکە کردووە و ڕێژەی بەشداریی ٥٩% بووە، لە ھەڵبژاردنی خولی ڕابردوو کە لە ٢٠١٨ بەڕێوە چوو، ٢٩ لیست کێبڕکێیان لەسەر بە دەستھێنانی ١٠٠ کورسی کرد و لە کۆتاییدا ١٦ لیست توانیان کورسیی پەرلەمان بەدەست بھێنن، لە نێویاندا لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە ١٨٣ توانی ٦٨٨ ھەزار و ٧٠ دەنگ بە دەست بێنێت و ٤٥ کورسی بە دەستھێنا، بەڵام لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوە چوو، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبرا، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن دوو ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٥٧٨ کەس لە ھەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەبووە، بەڵام دوو ملیۆن و ٨٧ ھەزار و ٩٧٢ کەس بەشداریان لە پرۆسەکەدا کردووە و ڕێژەی بەشداریش ٧٢% بووە، بە گوێرەی ئەنجامی سەرەتایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە ١٩٠ توانیویەتی ٨٠٩ ھەزار و ١٧٢ بە دەست بھێنێت، کە دەکات ٣٩% دەنگەکانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، واتە ٣٩ کورسی، سەرەڕای ئەوانەش، پارتی زیاتر لە ٤٠١ ھەزار دەنگی لە نزیکترین ڕکەبەری کە یەکێتییە زیاترە.
شەوقی مەحموود، شرۆڤەکاری ھەڵبژاردن، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پارتی بە دروشمەکەی ئاماژەی دابوو بە ئارامی، ئاوەدانی، سەقامگیری و پێکەوەیی، ھەر بۆیە خەڵکی کوردستان بۆ بەرگریی لە مافە دەستوورییەکان و کوردستانێکی ئارام و پێشکەوتوو، ڕایانگەیاند ئێوەمان دەوێت و ھەر دەمانەوێت ئێوە کوردستان بەڕێوە ببەن، چونکە جگە لە ئێوە کەسی دیکە ناتوانێت ئەو ئارامییەی ئێستا ھەیە پەڕەی پێ بدات و کوردستان زیاتر ئاوەدان بکاتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان لاواز بێت، قەوارەی ھەرێمی کوردستانیش لاواز دەبێت، کوردستانیانیش ھەستیان بەو مەترسییە کردووە، بۆیە ڕۆژی ھەڵبژاردن ھەموو پێکەوە ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد و دەنگیان بە پارتی دا.
شەوقی مەحموود، شرۆڤەکاری ھەڵبژاردن، جەختیشی کردەوە، سەرەڕای ھەموو ئەو ئاستەنگانەی بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و کابینەکەی دروست کرا، بەڵام پارتی دەنگەکانی زیاتر بوونە و سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەستھێنا.
ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ناوچەکە بەگشتی لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان پێکەوە بن بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ھەموو ئەگەرێک، لایەنەکان ڕکابەری پارتی نین، چونکە پارتی ھێزێکە لە کوردستان ڕکابەری نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش حیساب بۆ ھەموو لایەنەکان دەکات، یەکێک لە دروشمەکانی پارتی لە ھەڵبژاردن پێکەوەیی بوون بوو، چونکە پێمانوایە پێکەوەبین دەتوانین بەھێزتر بین دەتوانین سەقامگیری دروست بکەین، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە لایەنەکان بە خیتابی خۆیاندا بچنەوە، پارتی لە ھەوڵی گفتوگۆدا دەبێت لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد بەخوا کابینەیەکی بەھێز، کابینەی جێبەجێ کردنی بەرنامەی کاری پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو لایەنانە دەبێ کە تێدا بەشداری دەکەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەت دەرگەی بۆ ھەموو لایەک واڵا دەکات و پارتی مەبەستیەتی ھەمووان بەشداری حکوومەت بن و بەیەکەوە کوردستان زیاتر سەقامگیر و ئاوەدانتر بکەنەوە.