شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

دەرچوونی یاسای مافی نەخۆش؛دەستكەوتێكی گرنگی كابینەی نۆیەم بۆ هاووڵاتیانی هەرێم

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

لە كابینەی نۆیەم، یەكێك لە دەستكەوتەكانی خزمەتكردن بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە كەرتی تەندروستی بریتی بوو لە دەرچوواندنی یاسای مافی نەخۆش، ئەمەش لە سۆنگەی ڕێزگرتن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ، بۆ پاراستنی مافی نەخۆش و دیاریكردنی ئەركەكانی، لە پێناو فەراهەمكردنی پێویستییە تەندروستییەكانی جەستە و ئەقڵ و دەروونی تاك و كۆی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و، كاراكردنی ڕۆڵی حكومەت و دامەزراوە تەندروستییەكان لە چاودێریكردن و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، بە شێوەیەك لەگەڵ ڕەوتی سەردەم و پێشكەوتنی زانستە پزیشکییەکەی هاوچەرخدا بگونجێت.

دەرچواندنی پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش بۆ خزمەتکردنی زیاتری نەخۆش و پاراستنی ماف و تایبەتیەکانی بووە هۆی دڵخۆشكردنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوێكی فەرمی ڕێنمایی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان دەركرد بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاساكە.
ئەم یاسایە شکۆی سیستمی تەندروستیی زیاتر كرد و رێکاری چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش و ئەرکی دامەزراوەی تەندروستی تێیدا باس کراوە.
پاشخان
بەشێك لە ئەرك و یاساكانی مافی نەخۆش
یەكەم: مامەڵەكردن بەیەك پێوەر و بەبێ‌ جیاكاری لەگەڵ سەرجەم نەخۆشەكاندا، بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە، بێ‌ رەچاوكردنی هەرجیاكارییەكی كۆمەلایەتی،رەگەزیی، نەتەویی،سیاسی، ئاینی، رەگەزنامەی نەخۆش یان هەر هۆكارێكی تر لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی دۆخی بەپەلە و دۆخی خاوەند پێداویستی تایبەت.
چوارەم: پارێزگاریكردن لە تایبەتمەندییەكانی باری تەندروست یان كەسی، تەنها لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە بەیاسا دیاریكراوە، یان لەلای دادگ وە داوا دەكرێت یان دەبێتە هۆی مەترسی بۆ تەندروستی گشتی.
پێنجەم:
1- دەسكەوتنی زانیاری تەواو لە پزیشكی چارەسەركار و دامەزراوەی تەندروستی، لەبارەی تەوای تێچووی دارایی پشكنین و چارەسەری، زانینی پلانی چارەسەری و جێگرەوەكانی و ئەگەرەكانی ئاڵۆزەكانی بە زمانێكی روون و ئاشكرا لەگەڵ رەچاوكردنی دۆخی نەخۆشی مەترسیدار و باری لەناكاو و بەپەلە.
2- بینینی دۆسییە پزیشكییەكەی و دەستكەوتنی وێنەیەك لە دۆسییەكەی لەسەر داوای خۆی و، وەرگرتنی راپۆرتی پزیشكی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی نەخۆش لەكاتی پێویستدا و بێ‌ هیچ بەرامبەرێك.
شەشەم: رەتكردنەوەی هەر خزمەتگوازارییەكی پزیشكی یان چارەسەرێكی دیاریكراو، لەسەر بەرپرسیارێتی كەسیی خۆی دوای ئەوەی ئاكامەكانی بە نەخۆش رادەگەیێندرێت بە مەرجێك رەتكردنەوەی چارەسەری یان راگرتنی نەبێتە هۆی مردنی نەخۆش یان زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی و، نەخۆش تەمەنی هەژدە ساڵانی تەواو كردبێت و توانای هەبێت گوزارشت لە ویستی خۆی بكات.
هەشتەم: لە باری لەناكاو یان لەپێناو رزگاركردنی ژیاندا، پزیشك دەبێت بڕیاری جۆری چارەسەریی ئەم نەخۆشانەی خوارەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوەڵەكەی بدات:
1- بێهۆش
2- بیركۆڵ
3- بێكەس
4- كاتێك نەخۆش هەوڵی زیانگەیاندن بە ژیانی خۆی و یان كەسێكی تر بدات.
5- نەخۆشی دەروونی، ئەوانەی كە توانای بڕیاردانیان لەو كاتەدا نیە.
دوازدەیەم: بە تەنهایی پشكنین و چارەسەری بۆ بكرێت و كاتی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت، ئەمەش رێگرنیە لەوەی نەخۆش كەسیكی تری بەرەزامەندی خۆی لەگەڵدا بێت.
شازدەیەم: دابینكردنی خواردنی پێویست و گونجاو لەگەڵ دۆخی تەندروستی نەخۆش.
ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئەرك و مافی نەخۆش جیا کراوەتەوە، دەبێت نەخۆش بە پێی یاسا مافەکانی لە بواری تەندروستی گشتی پێشکەش بکرێت و ئەرکەکانیش لە چوارچێوەی پاراستن و رێزگرتنی کارمەندانی تەندروستی دیاری کراوە.