متى يبلغ البنيان يوما تمامهإذا كنت تبنيه و غيرك يهدم(بشار بن برد)

حەمید قەڵادزەیی

ئاوەدانی و گەشەسەندنی هەمەلایەنە لە ماڵێكەوە تا وڵاتێك، بە تەنیا بە كەسی یەكەم ناكرێ، ئەگەر ڕۆژئاواییەكان، ئاستی وشیاریان بەرز نەبا و درەختی باوەڕی خۆشەویستی نیشتمان لە ناخیاندا ڕەگئاژۆ نەبایە، نەیاندەتوانی وڵاتەكانیان بگەیەننە ئەو ئاستەی ئێستا پێی گەیشتوون.

ئەوان ژینگە دۆستی و خۆشەویستیان بۆ یەكتر و نیشتمان كردە فەرهەنگ و لە پەروەردەی خێزانییەوە پەروەردەیان خستە پێش فێركردن، لەوێ ئۆپۆزسیۆن، ڕكابەری دەسەڵاتە، لە پێناو باشتر خزمەتكردن، نەك وەك ئەوەی لای خۆمان، هەتا ئێرە بە لایەك .
ئەوەی جێگای پرسیارە، فرمێسكە تیمساحییەكانی یەكێتییە !
لە كاتێكدا، لە یەكەم ڕۆژی دەست بەكاربوونی یەكەمین كابینە و حوكمڕانییە خۆماڵییەكەی خۆمان، ئەگەر هێزی یەكەم و بەشدار و دەست ڕۆیشتووی یەكەم نەبووبێ دووەم بووە،كەچی هەمان عەقڵییەت لەنێو یەكێتی نیشتمانیشدا بە زەقی ڕەنگیداوەتەوە، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی شەریكی پارتی بوون لە حكومەت، بەڵام هەمیشە دەستێكیان درێشە بووە و دەستەكەی تریان هەتوان، بەڵام هەتوانێكی گوماناوی، ئەو كاتەی پێویستیان بەوە بوو لە ڕێگای حكومەتەوە خزمەتی یەكێتی بكەن، وەك خاوەنی حكومەت خۆیان نمایش كردووە، بە پێچەوانەوە كاتێك حكومەت پێویستی بە كۆمەكی مەعنەوی بوبێت، وەك دژ و نەیار خۆیان نیشانداوە.
ئەو دیماگۆگی و دوالیزمەی یەكێتی ڕێگربوو لە بەردەم، زۆرێك لەو هەنگاوانەی لە بەرنامەی حكومەتدا بوون، بە پێچەوانەی عورفی شەریكایەتی، ڕێگرێكی سەرسەخت بوون لە بەردەم كاروانی ئاوەدانی، بە گواستنەوەی ئاژاوەی نێو ماڵی یەكێتی بۆ نێو حكومەت و پەرلەمان، لەمپەری گەورەی خستە بەردەم كارەكانی كابینەی نۆیەم، تەنانەت پرۆسەی خوێندنیشی گرتەوە .
پێویستە ویژدانی دەنگدەر دادوەربێ بۆ دیاریكردن و سزادانی سەرچاوەی هۆكاری نیگەرانییەكانیان،
گرنگە دەنگدەر لە پێناو بەهەدەر نەدانی دەنگی خۆی بزانێ كام هێز سیاسەتی دووفاقی و ڕەفتاری پۆپۆلیستی و لێدوانی دیماگۆگی پەیڕەو كردووە، تا بەرچاوی ڕۆشن بێت و بتوانێ، بە چەكی دەنگ، وەڵامی بەجێی خۆی هەبێ.

ھەواڵی زیاتر