هەولێر..ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە نووسەر و چیڕۆکنووس “سابیر ڕەشید”

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2024.10.1، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە هۆڵى شەهید مەهدى خۆشناو، لە بارەگاى لقى هەولێرى یەکێتى نووسەرانى کورد، بەڕێوەبەرایەتی چاڵاکی وێژەیی هەولێر لە ژێرناونیشانى ” ئه‌مه‌ك و شانازى ” ڕێورەسمێکی ڕێزلێنانی بۆ نووسەر و چیڕۆکنووس “سابیر ڕەشید” سازکرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانی ئامادەیى ببون، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا، وێڕایی پیرۆزبایی، ڕۆڵی مێژوویی و کار و بەرهەمەکانی نووسەری لە ناوەندى رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا بەرز نرخاند، ئاماژەشى بەوەدا کە ناوبراو خاوەنی هزر و قەڵەمێکی بە بڕشت و جوان بووە و لە بواری نووسین و چیرۆکدا بەرهەمی زۆری لە کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاو کردۆتەوە و هێشتاش بەردەوامە، و هیوای تەندروستی و لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ خواست.

پاشان، پارێزگارى هەولێر، ڕێزلێنان و گوڵى وەفاى پێشکەش بە نووسەر و چیڕۆکنووس “سابیر ڕەشید” کرد.

جێگەى باسە، سابیر ڕەشید ساڵح، لە ساڵی 1956 لە (شەقڵاوە) لە دایک بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە و لە ساڵی 1981 کۆلێژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە، خاوەنى زیاتر لە 23 پەرتووکە و چەندین پەرتووکی جۆراوجۆری ئەدەبیشی ئامادەیە بۆ چاپ.

ھەواڵی زیاتر