هێمن هەورامی: خۆگیڤکردنەوەی سەرانی یەکێتی جگە لە شپرزەیی و شکست ھیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لەگەڵ مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: خۆگیڤکردنەوەی سەرانی یەکێتی، جگە لە شپرزەیی و پەشێوی و مسۆگەری شکست و کەوتنیان لەبەردەم قیافەی بەرزی پارتی و کاک مەسروردا ھیچ ئەنجامێکی دیکەیان نابێت .

لە دەقی پەیامەکەی هێمن هەورامیدا هاتووە “بە پشتیوانی خوای گەورە، بەپشتیوانیی ھیمەتی دڵسۆزانی ڕێبازی بارزانی و جەماوەرە بە وەفا و ئیرادە بەھێزەکەی پارتی، لیستی 190ـی پارتیمان لە 20ـی ئۆکتۆبەر،  سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەھێنێت”.

هەروا نووسیویە: بە کوێرایی چاوی نەیار و ناحەزان، کاک مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و درێژە بەو چاکسازی و خزمەتگوزاریی و حوکمرانی ھاووڵاتیان دەدات.

 هێمن هەورامی باسی لەوەش کردووە “ئەو ھاشوھوش و دروشمە بێ بنەمایانەی گوایە ‘کۆتایی پێ دێنن’ و  خۆگیڤکردنەوەی سەرانی یەکێتی، جگە لە شپرزەیی و پەشێوی و مسۆگەری شکست و کەوتنیان لەبەردەم قیافەی بەرزی پارتی و کاک مەسروردا ھیچ ئەنجامێکی دیکەیان نابێت”.

ئاماژەشی دا “بۆ جێبەجێ کردنی دروشمەکانی سەرانی ئێستەی یەکێتی، پێویستە سەرکردایەتیی ئێستەی ئەو حزبە واز لە پۆستەکانیان بێنن و دەست لەکار بکێشنەوە، بەمەش هەموو ئەو ئامانجانە دێنە دی کە لە دروشمەکانیاندا باسی دەکەن، چونکە هەموو ئەو خەسڵەتانە لە خۆیاندایە و ھەموو خەڵکی کوردستان  دەزانن کە ئەمانە چۆن بە کودەتا خۆیان سەپاندوە”.

ئەو بەرپرسەی پارتی دەنووسێت: ئەوانە لە گەندەڵترین کەسەکانی کوردستانن و ھەموو داتا و ڕاپۆرتەکانی خاڵە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتیان و تاکڕەوی وملھوڕی و سەرانەسەندنەکانیان بە تەواوی ژیانی خەڵکی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی تاڵ کردووە،  جیاکاری دەکەن و بە تەمای پارچەکردنی کوردستانن”.

لەکۆتایی پەیامەکەشی گوتی: “بۆ ئەوەی دروشمەکانی سەرانی ئێستای یەکێتی بە ڕاستی بێنە دی، با خۆیان واز بێنن پێش ئەوەی خەڵک شاربەردەریان بکەن”.

ھەواڵی زیاتر