مامۆستایانی زانکۆ:پارتی خاوەن متمانەی خەڵکی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی خزمەتێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد کردووە، ھیچ کاتێک سازشی لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە.مامۆستایانی زانکۆش، دەڵێن، پارتی؛ متمانەی زۆربەی خەڵکی کوردستان بە دەست دێنێتەوە.

بانگەشەی ھەڵبژاردن تا دێت گەرمتر دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە ١٩٠ بەشدارە و کارنامەی لیستەکەی ڕاگەیاندووە و جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات.
مامۆستایانی زانکۆ لەو بارەوە دەڵێن، پارتی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی نەتەوەیی بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست ھێناون، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ببێتە جێگەی متمانەی ھاووڵاتییانی ھەرێم و زۆرترین خەڵک دەنگ بە پارتی بدەن، بۆیە ئەم جارەش پارتی متمانەی زۆربەی خەڵکی کوردستان بە دەست دێنێتەوە.
وەیسی نەوزاد، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” وتی: پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی، کە بۆ ئارمانجێکی پیرۆز دامەزراوە، ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە، گەلی کوردستان بە باوەڕەوە تەماشای پارتی دەکات، ھیوا و ئۆمێدی تاکی کورد پارتییە، چونکە ڕابەرایەتی گەلی کوردستان دەکات، لە خۆشی و ناخۆشی خۆی لە خەڵکی کوردستان کردووەتە خاوەن، ئەوەش وای کردووە کە پارتی ببێتە حیزبێکی جەماوەری، لەسەرەتای شۆڕش کە ساڵی ١٩٦١ دەستی پێ کرد گەلی کوردستان ھەموو لەگەڵ پارتی بوون، ئەو باوەڕەی خەڵکی کوردستان وای کرد کە پارتی ھەموو کاتێک بەھێز بێت و گەشە بکات، ئەوەش وای کرد کە پارتی بەھێز بێت و ھەر بە ھێزی یەکەمی کوردستان بمێنێتەوە، پاش ساڵی ١٩٩١ ھەموو ئەو ھەڵبژاردنانەی کە کراون، پارتی خاوەن بەرنامەیەکی نەتەوەیی و ئابووری بووە، وای کرد کە خەڵک متمانە بە پارتی بکەن و پارتی ھەر بەھێزی یەکەم بھێڵنەوە، لەو ھەڵبژاردنەشدا پارتی ھەر بەھێزی یەکەمی کوردستان دەمێنێتەوە.
گوتیشی: پارتی بەردەوام خۆ لە خەڵکی خۆی کردووەتە خاوەن، پارتی توانیویەتی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ ئاوەدان بکاتەوە و ئابووری کوردستان بەھێز بکات و پەیوەندی نێوان ھەرێم و وڵاتان باشتر بکات و ڕووی کۆمپانیاکانی جیھان بداتە کوردستان، ئەگەر تەماشای ئەو شوێنانە بکەین کە پارتی لێی دەستەڵاتدارە ڕۆژبەڕۆژ ئەو ناوچانە پێش دەکەون و ئاوەدانی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و خەڵک لەو ناوچانە ھەست بە ئارامی دەکات، بۆیە پارتی توانیویەتی متمانە بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکات، ھەر بۆیە لە ڕۆژی ھەڵبژاردن ئەو حیزبەی ئەوەندە خۆ بە خەڵکی کوردستانەوە ماندوو دەکات و خزمەتی دەکات، خەڵکی کوردستانیش ڕێز لە ماندووبوونی ئەو حیزبە دەگرێت و دەنگی پێ دەدەن.
د. سەباح عەلی، مامۆستای زانکۆ لە دھۆک، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی گوت: پارتی حیزبێکی جەماوەریی بنکەفراوانە و شوێنی ھەموو کەس و ئایدیایەکی تێدا دەبێتەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە زۆرترین خەڵک لە ھەرێمی کوردستان متمانەی خۆیانی پێ بدەنەوە.
ئاشکراشی کرد: پارتی مێژوویەکی پڕخەباتی ھەیە و ھەمیشە ئەو خەباتەی بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی و خۆشگوزەرانیی گەلەکەی کردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ ھەڵگری ھەندێک درووشم و پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، بەردەوام شەڕی بۆ کردووە و لەو پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە، ئێستاش دروشمەکەی “ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری” لە داھاتوودا دەتوانێت ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بە دەست نەھاتوون، ئەوانیش بە دەست بھێنێت و گەلی کورد بگەیێنێتە کەنارێکی ئارام.

ھەواڵی زیاتر