گەیلان حاجی سەعید: پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕووسیا دەدەین

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانانی ڕووسیا لە هەولێر کۆبوونەتەوە و گەیشتینە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەکردنی ئە کێشانەی دێنە بەردەم جووڵەی بازرگانیی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان.

دووشەممە 30ـی ئەیلوولی 2024، شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانانی ڕووسیا لە هەولێر، لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بدەن و بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگیی نێوان بازرگانیی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند: هەرچەند ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت قەبارەی هەناردەی بازرگانیی لە ڕووسیا بۆ عێراق200 ملیۆن دۆلاری ساڵانە بێت.

گەیلان حاجی سەعید لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەنجوومەنی پیاوانی کاری ڕووسیا گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی بەچ شێوەیەک بتوانین پەرە بە جووڵەی بازرگانیی نێوانمان بدەین، گەیشتینە ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە لەنێوان بازرگانانی هەردوولا، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا ئاسانکاریی بۆ هەردوولا بکەین.

ڕاشیگەیاند: بەپێی ئامارێکی شاندی خاوەنکارانی ڕووسی، ڕێژەی هەناردەی بازرگانیی ڕووسیا بۆ عێراق ساڵانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەپێی پێشبینی ئێمە، کەلوپەلی زۆر زیاتر لە ڕووسیاوە ڕەوانەی عێراق دەکرێت لەڕێگەی وڵاتانی دیکەوە.

ھەواڵی زیاتر