61 ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادی 61 ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان بەنێونیشانی(61 ساڵ لەپێناو کوردستاندا) کرایەوە.

دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، ڕێورەسمەکە دەستیپێکرد.
سەرەتا، عەبدولرەزاق عەلی بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر گرنگی و بنەماکانی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، هەروەها باسی لە کاریگەریی خەباتی شاخ لە ئێزگەی دەنگی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە کاری ئێستەی ڕادیۆی دەنگی کوردستان کرد.
پاشان د.سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، گوتارێکی پێشکەشکرد.
لە گوتارەکەیدا بە گرنگییەوە لەبارەی خەباتی پێشمەرگەکانی سەنگەری ئێزگەی دەنگی کوردستان دوا و ئەوەی خستە ڕوو ئەوان بە هزر و قەڵەم و بەرهەمە ڕۆشنبیریی و میدیاییەکانی خۆیان لە ڕۆژە سەختەکاندا شۆڕشیان بۆ گواستینەوە.
د، سالار عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەگەر سەیری وێنەی پارتی بکەین وێنەیەکی سەنگین، ئارام، میدیایەکی بڕوابەخۆبوو، کەوادیری سەربەرز و سەرفراز و ماڵباتی دڵسۆز و کۆکەرەوە و یەک ئامانج بوونی هەیە بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی.
پاشان دۆکیۆمێنتارییەک پێشکەشی ئامادەبووان کرا، کە تایبەت بوو بە خستنەڕووی وێستگە گرنگەکانی ئێزگەی دەنگی کوردستان و نیشاندانی کار و چالاکییەکانی ڕۆژانەی ئێزگەی دەنگی کوردستان.
لەپەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، پانێڵێک بەڕێوەچوو تیایدا، نووسەر د.بەهات حەسیب قەرەداغی، باسی لە ئەرکی ڕادیۆ و میدیا کرد، پێشەشکردنی سروودی لیستی شکۆ بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکە بوو.
وێڕای پێشکەشکردنی دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی ژیاننامەی (سەیدا ساڵح یوسفی)، هەروەها وەکو ڕێزێک لە خەبات و تێکۆشانی ناوبراو، خەڵاتی ساڵانەی ئێزگەی دەنگی کوردستان بەخشرایە ماڵباتی هێژا، (سەیدا ساڵح یوسفی). دواتریش گوڵی وەفا بەخشرایە ماڵباتی میدیاکاری کۆچکردوو (کامەران خەفاف).
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پێنچ پەرتووکی ئەلیکترۆنی، کە بەرهەمی ئێزگەی دەنگی کوردستانە، بەخشرانە ئامادەبووان.

ھەواڵی زیاتر