رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر زانیاری لەبارەی دیارنەمانی یەك ملیار دینار ئاشكرا دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر چەند زانیارییەكی لەبارەی دیارنەمانی یەك ملیار دینار لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئاشكرا كرد و رای گەیاند هەڵەكە هیچ چەند فەرمانبەرێكە كە دەستكاری خەزێنەی دەوڵەتیان كردووە.

زەردەشت سەرسام بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لە ڕگەیەندراوێکدا گوتی ئەو بڕە پارەی دیار نەماوە لە یەك ملیار دیناریش زیاترە و ئەو فەرمانبەرانەی دەستیان تێدا هەیە، لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە، بەڵام هێشتا لەناو فەرمانگە دەوامیان پێدەكرێت تا تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان.

گوتیشی لیژنەی پشكنینی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دیارنەمانی پارەكەی ئاشكرا كردووە و ماوەی 45 ڕۆژە خەریكی لێكۆڵینەوەن لەم بابەتە، لە داهاتووشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر زانیاریی وردتر لەمبارەیەوە دەخاتەڕوو.

سەرسام هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو پارانەی ون بوون، هی هاووڵاتییان نین، بەڵكو هیچ فەرمانبەرێك پارەی پسوولەی ئاوی هاووڵاتییانی نەبردووە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە هەر هاووڵاتییەك سكاڵای هەیە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بكات و وەڵامی هەموو پرسیارێك دەدەنەوە.