مەسرور بارزانی: لە سایەی پارتیدا، بنەماکانی پێکەوەژیان لە کوردستان بەهێزتر دەبێت

مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، پێکهاتە جیاوازەکان بەشێکی گرنگن لە گەلی کوردستان و لە سایەی پارتیدا، بنەماکانی پێکەوەژیان لە کوردستان بەهێزتر دەبێت.

یەکشەممە، 29-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارت و لایەنەکانی ئەندامی هاوپەیمانیی مەسیحی کۆ بووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە “پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان، بە تایبەتی کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن، بەشێکی گرنگن لە گەلی کوردستان و ئێمە هەموومان بەیەکەوە خاوەنی ئەم نیشتمانەین”.

مەسرور بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتییە، دووپاتی کردەوە “جێی شانازییە، پارتی هەمیشە جێی متمانەی هەموو پێکهاتەکان و بە تایبەتی مەسیحییەکان بووە و لە سایەی پارتیدا، بنەماکانی بەیەکەوەژیان لە کوردستان بەهێزتر دەبێت و مافی پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت” .

وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هاوپەیمانیی مەسیحی، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانیی بێسنووری جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دەربڕی کە هەمیشە پشتیوان و بەرگریکار و پارێزەری مافی پێکهاتەکان بووە و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵەکانی پێشێلکردنی مافەکانی پێکهاتەکان وەستاوەتەوە”.

ھەواڵی زیاتر