حەمید قەڵادزەیی
شەمشەمە ناحەقی نییە ڕقی لە ڕۆشنایی بێت، خیانەتكار هەمیشە، ژیانی لەسەر كوشتن و لە بەیین بردنی شۆڕشگێڕە، دەی خۆ ناكرێ نەزانین بۆچی كرم و سیسرك و میكرۆب و ڤایرۆس، لە شوێنی بۆنگرتوودا گەشە دەكەن،
ئێستا بە بەرچاوی هەموو دنیاوە دیارە، نەیارانی {ئارامی} كێن؟ ئاخر حەتمەن ئەوانەن نانیان لە نا ئارامیدایە و لە ئارامیدا دەمرن، بۆچی لە ئاستی ئاوەدانیمان چوونەتەوە سەر سروشتی {شەمشەمە} و ناخوازن ئاوەدانیمان ببینن؟
چونكە ئەوان وەیشوومە هێنن، بۆیە دیسان لە ئاوەدانیماندا دەبن بە گەردی ژێر پێڵاوی ماندووانی هێزی ئارامی و ئاوەدانی و بەرەو نەمانی هەمیشەیی دەچن، سەیركەن بزانن دوژمنانی { پێكەوەیی} مان كێن، سەیری دەم و چاویان بكەن و لە ڕابردووی پڕ لە شەرمەزارییان بڕوانن.
ئەوانە لە چەند جۆرێكدا دەردەكەون، جۆری یەكەمیان / كەسانێكن شوێن دەستیان دیارە لە گەرمكردن و گەورەكردنی شەڕی خۆكوژی و هەمیشە شمشێری شەڕانگێزیان تیژدەكەنەوە، بە درێژایی تەمەنیان كاریان بۆ پساندنی هەموو ئەو ڕایەڵانە بووە كە هێزەكانیان پێكەوە بەستۆتەوە، جۆری دووەمیان/كەسانێكن، پشتیان بەو دەسكەوت و ئەزموونەوە نەهێشاوە و تەنها لەو شوێن و كاتانەدا دەردەكەون، كە درزێك دەكەوێتە نێوان هێزە سیاسییەکان، ئەوەش لە پێناو قەرەبووكردنەوەی شكستە ئەخلاقی و سیاسی و ئاكارییەكانیان لە ڕابردوودا، ئەوانە ڕۆژانە دەردەكەون و ماندوون بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكەن بۆ پێكانی مەرامە گڵاوەكانیان، جۆری سێیەم/ شۆڤێنییەکان و هاوشێوەكانیانن.