شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

مەسرور بارزانی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسسازه‌ و ئایینده‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێوه‌ به‌نده

ئەمڕۆ شەممە 28/9/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکار و وەبەرهێنەر و بازرگانان و ئەندامانی ژووری بازرگانانی هەولێر رایگەیاند: “ئه‌مڕۆ كۆبووینه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باس له‌ بابه‌تێكی زۆر گرنگ بكه‌ین، كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هه‌ر هه‌موومان ده‌بێت، هی ئێوه‌ و هی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان. ڕاسته‌ كه‌ ده‌گوترێت هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك چاره‌نووسسازه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌تایبه‌ت چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ ئایینده‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێوه‌ به‌نده‌. هه‌ر بڕیارێك بدرێت، ئێمه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین. بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆتان ده‌ده‌ن، بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی ژیانی خۆتان ده‌ده‌ن، هی منداڵه‌كانتان، هی كار و كاسبیتان ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو بڕیاری هه‌موو لایه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆتان و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا بێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بزانین چۆن بڕیار ده‌ده‌ین.”

گوتیشی: “خۆشتان باشتر له‌من ده‌زانن، ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌كێكیش به‌ڵێنی جیا جیا ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی چی بكه‌ین و چۆن به‌ره‌و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بڕۆین؟ خه‌ڵكیش حه‌ق و مافی خۆیه‌تی داوای ده‌نگدان له‌ ئێوه‌ بكات. به‌ڵام من داواتان لێ ده‌كه‌م پێداچوونه‌یه‌ك به‌ ڕابردووی هه‌موو لایه‌نه‌كاندا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هۆكاری دروستبوونی ئه‌و ڕێكخراوه‌ سیاسییانه‌ و ئه‌و حزبه‌ سیاسییانه‌ چی بووه‌؟ من زۆر به‌ كورتی بۆتانی باس بكه‌م كه‌ پارتی له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رگری له‌ پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ چه‌ترێك دروست بكات هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ هه‌موو ئایین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ له‌ژێر چه‌تری پارتی جێگه‌یان ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سته‌م و سته‌مكار ببنه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ خه‌بات بكات.”

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستە روو: “ئەم هەڵبژاردنە ئێمە دەخاتە سەر دوو ڕییانێک، هەندێک سەیری ڕابردووی خۆشمان بکەن دیارە، هەندێک کەس هەوڵی ئەوەیان داوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لاواز و پێشێل بکرێت، مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕادەستی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بە‌غدا بکرێت، مووچە و بودجە ڕابگیرێت، دابەشی و جیاکاری لە کوردستان دروست ببێت. شکۆی پێشمەرگە بشکێت و خاکی هەرێمی کوردستان ڕادەست بکرێت، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەبوون ئەم قەوارەیە تەواو تێک بدەن، ئەمە ئەو بەرەیە ئەگەر ئێستاش سەیری دروشمەکانیان بکەین زۆر بە ڕاشکاوی تەعبیرێکی زۆر بە ڕاستگۆیانەیە لە کردارەکانیان دەڵێن “ڕایدەگرین”، “ئیتر بەسە تێکی دەدەین”، نایهێڵین”، “دەیوەستێنین”، ئەم جۆرە دروشمانە هەمووی دروشمی تێکدان و وێرانکاری و تاریکی و وەستاندن، نەمبینی یەکێک باسی ئایندە و ئومێد بکات یان باسی پێکەوە ژیان و سەرکەوتن بکات یان باسی باشترکردنی دۆخی خەڵکی کوردستان بکات، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.”

راشی گەیاند: “ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ بڕیار بده‌ن، مه‌ڵێن ئیمه‌ حه‌قمان نییه‌، پێشتریش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك براده‌ریتر دانیشتوومه‌ و هه‌مان قسه‌م كردووه‌، مه‌وقیف وه‌رنه‌گرتن مه‌وقیفه‌، ئێوه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ حه‌قمان نییه‌ با خه‌ڵكێكی حزبی بچێت ده‌نگد بدات، با ئه‌وه‌ی سوودمه‌نده‌ بچێت ده‌نگ بدات، باوه‌ڕ بكه‌ن ئه‌مه‌ هیچ له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگ نه‌ده‌ن، خه‌ڵكی دیكه‌ له‌ جیاتی ئێوه‌ ده‌نگ ده‌دات، خه‌ڵكی تر بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی ئێوه‌ ده‌دات، له‌سه‌ر منداڵه‌كانی ئێوه‌ بڕیار ده‌دات، له‌سه‌ر شێوازی ژیانی ئێوه‌ بڕیار ده‌دات، بڕیار له‌سه‌ر شێوازی كار و كه‌سابه‌تی ئێوه‌ بڕیار ده‌دات. ئێستا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خۆتان نه‌چن ده‌نگ بده‌ن، خه‌ڵكی تر له‌ جیاتی ئێوه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووس و ئایینده‌ی ئێوه‌ ده‌دات، ئایا ئه‌مه‌تان به‌دڵه‌، یانیش ئه‌گه‌رنا ده‌بێت ئێوه‌ هه‌ڵوێستتان هه‌بێت، نه‌ك ته‌نیا خۆتان، كه‌سوكارتان، ده‌وروبه‌رتان، ناسیارتان و هه‌ر كه‌سێك ئێوه‌ بتوانن كاریگه‌ریتان له‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ها بۆچوونی خۆشتانی پێ بڵێن، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێوه‌ هه‌موومان بچین ده‌نگ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین ئایینده‌یه‌كی گه‌شتر و مسۆگه‌رتر و كوردستانێكی سه‌قامگیرتر بۆ خۆمان بونیات بنێین. من لێره‌وه‌ داواتان لێ ده‌كه‌م و هیوادارم ئێوه‌ له‌گه‌ڵ من هاوڕا بن و ڕۆژی 20ـی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌نگ به‌ لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.”