هەریر …بە گوژمەی نزیکەى (700 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگا، بەردی بناغەی قیڕتاوکردن و کۆنکریتکردنى شەقام و دروستکردنى ئاوەڕۆى گەڕەکى فەڕەنسۆ هەریری دانرا

ئەمڕۆ شەممە 2024.9.29، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و شێروان جەلال، قائیمقامی قەزایی هەریر و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری ناحییەی باسرمە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان، لە ڕێورەسمێکدا بە گوژمەی ( 698 ملیۆن و 236 هەزار دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگاى هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەى قیڕتاوکردن و کۆنکریتکردنى شەقامەناوخۆییەکان و دروستکردنى ئاوەڕۆ و تۆڕی ئاو بۆ گەڕەکى فەڕەنسۆ هەریری قەزایی هەریر دانرا.

لە بارەى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی لە دانیشتووانی گەڕەکە، خۆشحاڵى خۆى بە ئەنجامدانى پڕۆژەکە نیشاندا کە بەشێک بووە لە هێنانەدى خواستى خەڵى ناوچەکە، داواشی لە تیمی کار و سەرپەرشتیار و ئەندازیارانى پڕۆژەکە كرد، لە جێبەجێكردندا هەوڵەکانیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا، هەروەها ئومێدى خواست ئەنجامدانى پڕۆژەکە ببێتە مایەى ڕەزامەندیى دانیشتوانى قەزاکە، کە شایەنى خزمەتکردنى زیاترن.

جێگەی باسە، بە تەواوبوونى پڕۆژەکە، کە قیرتاوکردنى (6 هەزار مەتر دووجا)یە و کۆنکریتکردنی (6400 مەتر دووجایە)، ئاسانكاریى زۆر باش بۆ دانیشتووان گەڕەکەکە دەستبەر دەکات و گرفتى زۆرى هاتووچۆى هاوڵاتییانیش لە ناوچەکە بەگشتیی چارەسەر دەکات.

ھەواڵی زیاتر