سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی فیدراڵ پابەندە بە ڕادەستکردنی مووچە بەپێی ئەو ماددانەی کە لە بودجەدا هاتووە، هەروەها لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕژد دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، نیازێکی ڕاستگۆیانە و پاک هەیە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆ گفتوگۆکردن و گەیشتن بە خاڵی هاوبەش بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان
سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم باسمان لە پرسی نەوت، دامەزراندن، پارەدارکردن بۆ دامەزراندن و داهاتی نانەوتی کردووە.
باسی لەوە کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدن لەسەر چارەکردنی کێشەکان، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان جەختیان لە نزیکبوونەوەی دیدگا و گەیشتن بە خاڵە هاوبەشەکان کردەوە.
عەتوان عەتوانی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەخۆران، گوتی: هیوامانە بە بانکیکردنی مووچەخۆران تەواو بێت، ئەو ڕێژەی ئێستا تۆمار کراوە بە ئاراستەیەکی تەواو و دروستە و پێویستە سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان بە بانکیبکرێت.
سەبارەت بە مووچەوە، ناوبراو ئاشکرای کرد، حکوومەتی فیدراڵی پابەندە بە ڕادەستکردنی مووچە بە گوێرەی ئەو ماددانەی کە لە بودجەدا هاتووە، هەروەها لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕژد دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، چاویان لەوەیە ئەم ساڵ ساڵی یەکلاکردنەوەی خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، گوتیشی: گەشبینین و دەمانەوێت ساڵی 2025 ساڵی هاوبەشی بێت لە هەموو شتێک و دەمانەوێت ساڵی پارەدارکردنی داهاتەکان بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024 تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی چارەکردنی بودجە و مووچە و چەند پرسێکی دیکە کۆ بوونەوە.
لەم بارەیەوە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کۆبوونەوانەی دەکرێن تەنیا بۆ پرسی مووچە نین، بەڵکو چەند بابەتێک هەن گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئەو کۆبوونەوانەشی ئێستا دەکرێن زیاتر لەلایەنی تەنکنیکییە، لە کۆبونوەویە دوێنێش سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە شاندەکەی حکوومەتی عێراقی گوت، ئەگەر نییەتێکی جیددی هەبێت دەتوانرێت کێشەکان چارە بکرێن.
هەورامانی گوتیشی: سەرۆک وەزیران جەختی کردووەتەوە کە نابێت قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان هەبێت و هیچ بانکێک بۆی نییە بە تەنیا کۆنترۆڵی تەواوی پرۆسەکە بکات، بەڵکو بۆ هەر بانکێک ڕێژەیەک دیاری کراوە.