ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دراوە

ڕیکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکات، لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دراوە.

پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند “لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی پێداویستیە سەرەکییەکان دراوە و لەم رووەوە زۆر لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێکراون.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد،  بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک کە بەشێکە لە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتورییەكان، لە کۆی (6) راسپاردە لە ساڵی 2022، (4) راسپاردە جێبەجێکراوە و (1) راسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (1) راسپاردەش لە پرۆسەی جێبەجێکردندا بوو. بەراورد بە ساڵی 2023 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (5) ڕاسپاردە و ئەو راسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان وەک خۆی ماوە کە (1) ڕاسپاردەیە. بەمەش ڕێژەی جێبەجێکردن دەکاتە 91%.

سەبارەت بە پێدانی مۆڵەت بۆ کارگە و کۆمپانیاکان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای کرد،  لە ساڵی 2022کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بریتی بوون (31824) کە (94٪)ی کۆمپانیاى خۆماڵین و (6%)یان کۆمپانیاى بیانین. تاکو کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی کۆمپانیاکان تۆمارکراوەکان گەیشتە (35048) کۆمپانیایە، کە (90%)کۆمپانیای خۆماڵین و (10%)بیانین و زیاتر لە (3400) کۆمپانیای بیانی کار دەکەن، (40%) بڕاندەکان بیانین کە تۆمارکراون لە بواری کەلوپەلی خۆراک، ئۆتۆمبێل و چەندین بواری تر.

دواتر باسی لە رەخساندنی هەلی کار کرد و ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمى کوردستان (4212) کارگە تۆمار کراوە، ئەم کارگانە (44203) هەلى کاریان رەخساندووە. لە ساڵی 2023 بە هۆی زیادبوونی کارگەکان، ژمارەی هەلی کار بەرزبۆوە بۆ (49757). بۆ رەخساندنی هەلی کاری زیاتر ئەنجومەنى وەزیران بڕیاری ژمارە (172) لە 20/9/2022 دەرکردووە، بەپێی ئەم بریارە پێویستە رێژەی کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ (75%) کەمتر نەبێت.

دیندار زێباری ڕایگەیاند: لە ساڵی 2023 هەرێمى کوردستان تواناى عەمبارکردنى (585) هەزار تەن دانەوێڵەی و پەنکەرەکان تواناى هەڵگرتنی (41000) هەزار تەنیان هەبووە، هەروەها گەنمی وەرگیراو تاکو مانگی حوزەیرانی 2023 لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە (13090545)تەن. و ڕێژەی گەنمی پێویست لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بە 640000بە تەن خەمڵێنراوە لەلایەکی دیکەوە سێ سایلۆ بە تواناى (120) هەزار تەن تەواو بووە لە (قوشتەپە، کەلار، رۆڤیا) و (100) کۆگا هەیە بۆ عەمبارکردنى خۆراک، لە ماوەى سێ ساڵى داهاتوو لایەنى کەم سێ سایلۆى تر لە هەرێمى کوردستان دروست دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر