سلێمان تاشان – ههولێر
رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئەیلوول بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خوولی پەرلەمانی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد کە سێ هەفتەی بۆ دیاری کراوە و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانەوە بەشدارن و شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بە وێنە و دروشمەکانیان ڕازاندووەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە و خوازیارە سەرکەوێت.
ئەوەی ڕوودەدات دەستکەوتێکی مێژوویی گەلی کوردە کە بناغەکەی لە دوای ڕاپەڕین دانرا و بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید و ئەنفالکراوی کوردستانە و شتێک نییە هەر لە خۆوە بەدی هاتبێت یان بە کورد بەخشرابێت. ئەوەی ڕوودەدات جێبەجێکردنی دیموکراسییە و کە پێی وایە سەرچاوەی دەسەڵات خەڵکە و دواجار خەڵکە دەستنیشانی دەکات بۆ خولێکی دیکە چ کەسێک و چ لایەنێک شایانی ئەوەیە وڵات بەڕێوە ببات و بەرانبەر بە مەترسییەکان بیانپارێزێت و ئاسایش و خۆشگوزەرانییان بۆ دابین بکات.
ئەوەی لەهەرێمی کوردستان و لە ناو جەرگەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕوودەدات ڕووداوێکە کە ژمارەیەکی زۆری گەل و نەتەوە لە ناوچەکە خەونی پێوە دەبینن و ئاواتیانە لە ژینگەیەکدا بژین کە بتوانن ئازادانە ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، ئازادانە خۆیان هەڵبژێرن و ئازادانە ئەو دەرفەتەیان پێ بدرێت ڕۆڵیان لە دەسەڵات و بەرێوەبردنی وڵاتدا هەبێت.
هەڵبژاردنی ئەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان بایەخێکی زۆری چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە و یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگ و چارەنووسسازەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانە.
راستە بۆ یەکەم جارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەی دەبات بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان خۆی لە نزیکەوە چاودێریی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دەکات و بەدەر لەمە لای وڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لێک دەدرێتەوە کە سیاسەتەکەیان ئەوەیە کوردستانێکی بەهێز لە ناو عێراقێکی سەربەخۆ دابمەزرێت.
ناوچەکە دوای نزیکەی ساڵێک لە سەرهەڵدانی جەنگی غەزە و ئەو ململانێ و شەڕ و ماڵوێرانییەی دەستی پێ کردووە، خەریکە پڕیشکی ئاگرەکە بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە، میلیشیاکان و گرووپە جیاوازەکان و هەندێک وڵات لە هەوڵی خۆشکردنی ئاگرەکەدان و ئارەزووی ناسەقامگیری و ئاڵۆزیی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی ویستەکانیان بهێننە دی. جگە لەمە عێراق بەدەست کۆمەڵێک قەیران و کێشە دەناڵێنێت و مەترسیی تەقینەوەی ئەو قەیرانانە لەئارادایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەندە ئومێدەی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستان بەستووە ئەوەندە ئومێدەی بە عێراق نەبەستووە.
خەڵکی کوردستان بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکان لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتی و تاکدا خۆیان کاندید کردووە و سێ هەفتە مۆڵەتیان هەیە داوا لە خەڵک بکەن دەنگیان پێ بدەن، خەڵکیش دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە پێیان وایە ژیان و سەر و ماڵیان دەپارێزێت، ئاڵاکەیان بە شەکاوەیی دەهێڵێتەوە و ژیانێکی شایستە و داهاتوویەکی پڕشنگداریان بۆ بەدی دەهێنێت. خەڵک هەمووان دەناسن و هەمووان دەبینن و دەزانن کام لایەن بەرگری لە ماف و داخوازییەکانیان دەکات و کام لایەن لەپاڵ نەیاران و کام لایەن لەپاڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستانن و پڕۆسەی دیموکراسیش شەرم لە کەس ناکات و ئەوانە سەر دەخات کە ڕاستگۆن و دەخوازن وڵات بەرەو ئاسایش و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەرن.