چواس خالید – هەولێر
به گوژمه‌ی زیادتر له ملیارێك دینار، به‌ردی بناغه‌ی چوار قوتابخانه‌ی شه‌ش پۆلی له چوار گوندی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر داندرا، هاوكات به‌سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به ڕۆنانی پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی گوندی ئیسپانی دوو و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واو ده‌بێت.
پێشكه‌شكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان به شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رده‌وامه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له ڕێوه‌ڕه‌سمێكدا به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی بنیاتنانی چوار قوتابخانه‌ی شه‌ش پۆلی له گونده‌كانی گڕاو و شێوه‌كه و سێكانی، له‌گه‌ڵ خه‌تێ، له سنووری قه‌زایی پیرمامی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر داندرا
تێچووی بنیاتنانی ئه‌و چوار قوتابخانه شه‌ش پۆلییه، ملیارێك و سێ سه‌د و هه‌ژده ملیۆن و چوار سه‌د و سێزده هه‌زار دیناری عێراقییه.
له ڕێوهڕهسمهکەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، دروستكردنی ئه‌م قوتابخانانه له‌م ناوچه‌یه‌دا، كه شایسته و شایه‌نی ئه‌وه‌ن خزمه‌تی زیادتریان پێشكه‌ش بكرێت، هه‌نگاوێكی تری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، به ئاراسته‌ی په‌ره‌پێدانی زیادتر به كه‌رتی په‌روه‌رده و فێركردن له هه‌رێمی كوردستان، هیوادارین به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی كه داڕێژراوهپڕۆژهكان له ماوه‌ی دیاریكراوی خۆیاندا به كۆتا بێت.
پارێزگاری هه‌ولێر گوتی، “له‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌سه‌ر فه‌رمان و ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان و له‌چوارچێوه‌ی گرنگیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كه‌رتی په‌روه‌رده و فێركردن، چه‌ندین قوتابخانه له سنووری پارێزگای هه‌ولێر نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه و دروستكراون، بۆ ئه‌مساڵی خوێندنیش له به‌رنامه‌دایه چه‌ند قه‌تابخانه‌ی دیكه له سنووری پارێزگای هه‌ولێر دروست بكرێت”.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، سنووری قه‌زای پیرمام به‌شێكی گرنگی پارێزگای هه‌ولێر و هه‌رچی له‌توانادابێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی و پشتیوانیكردنی له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، بۆ هاووڵاتیان درێغی لێ ناكرێت.
جیا له‌وه و هه‌ر له چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان و ده‌ستی ئاوه‌دانی له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر، ده‌ستكراوه به پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئئوهڕۆی گوندی ئیسپانی دوو.
پڕۆژه‌كه بریتییه له تۆڕی ئاوه‌ڕۆی ئاوی باران، كه مه‌وداكه‌ی هه‌شت هه‌زار و چوار سه‌د و نه‌وه‌ت و یه‌ك مه‌تره و به بۆڕی كۆنكرێتی و بۆڕی پلاستیكی به‌تیره و قه‌باره‌ی جیاواز له ٤٠ سم تا ١٢٠ سم ی تێدا به‌كار ده‌هێندرێت.
هه‌ر له جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا، تۆڕی ئاوه‌ڕۆی ئاوی قورس به‌درێژایی پازده هه‌زار و شه‌ش سه‌د و نه‌وه‌ت مه‌تر له جۆری بۆڕی HDPE، به تیره و قه‌باره‌ی جیاواز هه‌یه، كه له دوو سه‌د ملیم ده‌ست پێده‌كات تا شه‌ش سه‌د ملیم و یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ئاوی قورس به توانای چاره‌سه‌ری day/ 1200m3.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه، كه له شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢،ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به گوژمه‌ی دوازده ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه، ئه‌و ژماره زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه له كوردستان نموونه‌ییه، كه به‌پێی ئاماره‌كه له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه و ئه‌وه‌ش له دنیادا كه‌م وێنه‌یه.