ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسند كرد

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست وەک هەنگاوێکی سەرەتایی پەسەند كرا و داواش لە حکوومەتی فیدراڵ كرا ڕەزامەندی لەسەر بدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ساڵیادی ڕیفراندۆم کرد وەک پرۆسەیەکی دیموکراتیانە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.
سەرۆک وەزیران هەروەها بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە و لە سەر خۆ بکرێت. سەرۆک وەزیران هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەسکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسی بێت.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی و پزیشکی دەیانگرێتەوە)، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە پەسەندکراوە.

سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکوومییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕآڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا. بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدی یەکسانی لەنێوان هەرێم و بەغدا کە هەم دەستوور و هەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە ئاستێکی بەرز بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەمووان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025 کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013ـەوە هیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی فیدڕاڵ ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر.

لە بڕگەی دووەمدا دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق خرایەڕوو کە بڕیارە لە 20 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لەبارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەکە دەربڕی.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دووپاتی کردەوە کە دژی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی نین، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستووریی کە لە ماددەی 140 ی دەستووردا هاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاسپێردران کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ.

ھەواڵی زیاتر