سالار عوسمان: خۆڕاگرانە لە ڕۆژی دەنگدان بەرەو سندووقەکان دەچین

بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک و سەدان ئەندام و لایەنگری پارتی؛ ئاهەنگی “لیستی 190ـی پارتی” لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.

سالار عوسمان، بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی “لیستی 190ـی پارتی و ناساندنی کاندیدان” گوتی: ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات، کە دروشمی سەرەکی ئەو بانگەشەیە لە چوار پەیڤ و چەمکدا کۆدەبێتەوە،  کەبریتین لە “ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری” کە دەستی ئاوەدانی پارتی بەبەرچاوی هەمووانەوە دیارە.

سالار عوسمان ئامژەی بەوەش کرد، خۆڕاگرانە دوێنێ و ئەمڕۆمان پێکەوە گرێ داوە، ئێستاش خۆڕاگرانە لە ڕۆژی دەنگدان بەرەو سندووقی دەنگدان دەچین، گوتیشی لە ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەردا هەموومان پێکەوە سندووقەکانی دەنگدان پڕ دەکەین لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لەم ئاهەنگەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەناسێنێت. 

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمڕۆ چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر