پێشەوا هەورامانی بۆ قوباد تاڵەبانی: کامە دەسەڵات دەگۆڕن؟

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “دەتانەوێت دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕن یان دەسەڵاتێکی دیکە هەیە؟”.

کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024،  کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوتدستانبە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران؛ دەستی پێ کرد.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال؛ لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە وێنەی دواوە (باکگراوند)ـی پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فێسبووک بۆ وێنەی دەستێک کە وەکوو ئاماژەیە بۆ سەرکەوتن؛ گۆڕی و لەسەری نووسراوە: “کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین”.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە و لە بەرانبەر قوباد تاڵەبانی دادەنیشێت؛ لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی، کۆمێنتێکی بۆ پۆستەکەی جێگری سەرۆک وەزیران نووسیوە و پرسیاری لێ کردووە، “دەتانەوێت کامە دەسەڵات بگۆڕن، ئەمەیە کە ئێستا کۆبووینەتەوە یان دەسەڵاتێکی دیکە هەیە؟”.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێک هێندراوە. ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە، یەکێتی بەشداریی لە دەرکردنی زۆرینەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی کۆمێنتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، “جەنابی بەڕێز کاک قوباد، ئێمە هێشتا لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانین و بەڕێزت وەکوو جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەم دەسەڵاتە لە بەرانبەرم دانیشتوویت”.

پێشەوا هەورامانی پێی وایە، دەبووایە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، وێنەی دواوە (باکگراوند)ـی پەیجە فەرمییەکەی گۆڕیبایە.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمڕۆ چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

ھەواڵی زیاتر