توانا و هێزی پێشمەرگە ئەو جۆرە تۆپە نییە پێی دراوە بەڵکو ئیرادە و بوێرییەکەیەتی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هێزی پێشمەرگەی کوردستان یاساییترین هێزی سەربازیی عێراقە کە لە دەستووری هەمیشەیی ئەو وڵاتە بە فەرمی ناسێندراوە و دەستوور ئەرک و مافەکانی بۆ دەستنیشان کردووە، بەڵام ئەوانەی لە چوارچێوەی بیری شۆڤێنیی کۆنیان نەهاتوونەتە دەرەوە بە هەمان ئاوازی جاران دژایەتیی پێشمەرگە دەکەن و هیچ مافێکی پێ بە ڕەوا نابینن، بێ ئاگا لەوەی پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە و تواناکانیشی مێژوویین و لەو تۆپەدا نییە بۆی دابین کراوە، بەڵکو لەو ورە و قارەمانێتییەیە کە بەشێک لە مێژووی کوردی پێ نەخشاندووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتیی عێراقی دەمامکیان لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵماڵی و پێشتر کە بە نهێنی دژایەتی و بە ڕواڵەت لایەنگرییان دەکرد ئەم جارە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگە دەست پێ کردووە و دژایەتیکردنەکەش دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە بڵاو بووەوە هێزی پێشمەرگە کۆمەڵێک چەکی نوێی بۆ دابین کراوە و هەندێک جۆری ئەو چەکانەش یەکەم جارە لە مێژوودا بۆ پێشمەرگە دابین دەکرێن.
مانگی ڕابردوو ئەمەریکا ژمارەیەک چەکی قورسی لە هەولێر ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کرد کە گرنگترینیان تۆپی قورس بوون. هەر ئەو کات مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وتی هێزێکی پێشمەرگەی ڕێکخراوی ناحزبی خزمەت بە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی یەکخستنەوە و چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەخشینی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە بەو هێزە ڕاگەیاند و پێداگری لەوە کرد کە پێدانی چەک بە پێشمەرگە هێمای پابەندیی واشنتنە بە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.
ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا و ڕاگەیاندنی پشتگیریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ هەندێک کەسایەتی و لایەنی سیاسیی عێراقی ئەوەندە ناخۆش بوو کە نەیانتوانی دان بە خۆیاندا بگرن و دواجار دەمامکی دووڕوویی خۆیان هەڵماڵی.
یەکێک لەو کەسانە محەمەد حەلبووسی سەرۆلی پارتی تەقەدوم و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق بوو و هەر زوو هەڵوێستی وەرگرت و گوتی ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بووایە هەرگیز ڕێی نەدەدا ئەو چەکانە بە دەستی پێشمەرگە بگەن.
هەڵوێستەکەی حەلبووسی تا ڕادەیەک لای هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و پارتی بە تایبەتی مایەی سەرسوڕمان بوو و بۆیەش دووبارە ئەوە بیری حەلبووسی و هاوئاوازەکانی هێنرایەوە کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە و فەرمان و ڕاسپاردە لە هیچ کەسێک وەرناگرێت.
دوای حەلبووسی کەسێکی تری ناسراو بە ناوی قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق دژایەتیی خۆی بۆ پێدانی چەک بە پێشمەرگە دەربڕی. دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و دەرهاویشتەکانی دواتری، ئەو کەسایەتییەی شیعە خەونی ئەوەی هەبوو پێشمەرگە و تەنانەت قەوارەی هەرێمی کوردستانیش کۆتایی بێت، بەڵام دوای نائومێدبوونی، چاوی بەو یارمەتییانە هەڵنایە کە هاوپەیمانان پێشکەشی پێشمەرگەی دەکەن.
هێزی پێشمەرگە کە ڕۆڵی زۆر کاریگەری لە ئازادکردنی عێراق و دواتر شکستی تیرۆر و داعش هەبووە نەک وەک پێویست چەکی پێ نەدراوە بەڵکو ستەمیشی لێ کراوە. لە عێراق چەکی پێشکەوتوو خراوەتە خزمەتی هەندێک هێزی میلیشیایی کە نایاسایین و هیچ سوودێکیان بۆ عێراق نییە کەچی پێشمەرگە بێبەش کراوە لەو چەکانە و جاروبار کە چەکێکی پێ درابێت هەرایان لێی هەستاوە.
جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و شارەزا لە بواری سەربازی، گوتی ناکرێ حەلبووسی ئەوەندە بێ ئاگا بێت چونکە پێشتر سەرۆكی پەرلەمان بووە و لەوە ئاگادارە کە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەگوێرەی بڕگەی پێنجی ماددەی سەد و بیست و یەکی دەستووری عیراق، هێزێكی فەرمییە و پاسەوانی هەرێمی كوردستانە.
هاوکات سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی؛ پێدانی تۆپ بە پێشمەرگە پێویستی بە هاتوهاوار نییە، چونكە پێشمەرگە بەبێ تۆپیش هەر قارەمان و چاونەترس و پاڵەوان بووە و پێشتر بەبێ تۆپ و بە چەكی سووكی دەستیان، سوپای بەعسی شكاندووە کە پێشکەوتووترین چەکی لەدەستدا بوو، جگە لەمە ئەوەی پێشمەرگەی كردووەتە مۆتەكەی دوژمنان، چەكی دەستی نییە، بەڵكو ئیرادە و بڕوابوونە بە دۆزی ڕەوای كورد.
کەم نین ئەو عێراقییانەی هێشتا بە بیری شۆڤێنی کار دەکەن و چاویان بە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەڵنایەت کە هێزێکی دەستوورییە کەچی بۆ هێزە میلیشیاکان و ئەو تاڵانچێتییەی لە عێراق دەیکەن خۆیان لە گێلی داوە.

ھەواڵی زیاتر