یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

مارشی سەربەخۆیی

حەمەسەعید حەسەن

وەکوو کێو ڕەمزی بەرگرین
وەکوو هەڵۆ
بەدەم فڕینەوە دەمرین

خوێنمان بڕژێ
دەبێ بە گوڵ بۆ سنگی شاخ
لەشمان بڕزێ
دەبێ بە فەڕ بۆ کێڵگە و باخ
بە خوێن سنوورمان کێشاوە
بستێ ناگەڕێینە دواوە

دێوی مەحاڵ کەوی دەکەین
سەر بە نەیار نەوی دەکەین

لە دڵمانەوە هەڵدەقوڵێ
عیشقی وڵات
هەر دەبێ ڕۆژێ بەر بگرێ
داری خەبات

وەکوو کێو ڕەمزی بەرگرین
وەکوو هەڵۆ
بەدەم فڕینەوە دەمرین