لە هەرێمی کوردستان ٤٠٦ پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە سامانی ماسی داوە، ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ١٣ ھەزار تۆن ماسی دەخۆن. بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ، ئەو بەرھەمەی کە ھەیە ساڵانە بەشی ٦٠% ـی دانیشتووانی ھەرێم دەکات، ٤٠% بە ھاوردە پڕ دەکرێتەوە.

ساڵانە حکوومەتی ھەرێم بڕی جیاواز لە پەنجە ماسی دەخاتە دەریاچەکان و ھەوڵی پێشخستنی سامانی ماسی دەدات، بەڕای ماسیگران ئەو ھەوڵەی حکوومەت شتێکی زۆر باشە و لەگەڵ ئەوەی دەبێت چاودێری ڕاوچییەکان بکات، بۆ ئەوەی ماسی بچووک ڕاو نەکەن، ساڵانە بەمەبەستی زیادبوونی بەرھەمی ماسی و دانانی گەرا و زاوزێی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ڕاوی ماسی بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغە دەکرێت لەو کاتەدا ھەر کەسێک ڕاوی ماسی بکات سزای ماددی دەدرێت و کەلوپەلەکانی ڕاویشی دەستی بەسەردا دەگیرێت.
کۆڤان وەھاب، خاوەنی پڕۆژەی ماسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھێنانی ماسی بەشێوەی قاچاخ بازاڕی بۆ ئێمە نەھێشتووتەوە، ماسییەکانی ئێمە ھەموو لەناو حەوزەکاندا ماونەتەوە و کەس ناکڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ماسییەی لە ئێران دێت بەبێ پشکنین دێت و شیاو نییە بۆ خواردن، ئەوەش وای کردووە ساڵانە بە دەیان ملیۆن دینار زەرەر بکەین.
گرنگی دان بە بەرھەمی ماسی لە پلانی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ژمارەی پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی گۆشتی ماسی تا دێت زیاتر دەبن، ٤٠٦ پڕۆژەی مۆڵەتدار لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەگەڵ دەیان پڕۆژەی بێ مۆڵەتدار، بەرھەمی ئەو پڕۆژانە ساڵانە ٦ ھەزار تۆن دەبێت، بەرھەمەکانیان لەگەڵ ئەو خواستە زۆرە یەکناگرێتەوە کە لەسەر ماسی ھەیە، چونکە ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ١٣ ھەزار تۆن گۆشتی ماسی دەخۆن. بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ، ڕێژەی ٦٠% لە بەرھەمی بازاڕی ناوخۆ لە ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕ دەکرێت و ٤٠% بە ھاوردە پڕ دەکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر