ئەمیر سەلیم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران: بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بە خێرایی بەڕێوەدەچێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران بەردەوامە، لە قۆناغی دووەمدا نەوت بەسەر دانیشتووانی دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: تا ئێستا ھەشت ھەزار خێزان لە سنووری ئیدارەی سۆران نەوتییان وەرگرتووە، ئەمڕۆش لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دابەشدەکرێت.

ئەمیر سەلیم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بە گشتی ٨٨ ھەزار خێزان کە بەسەر شەش قەزا دابەشکراون لەو بڕە نەوتەی حکوومەت دابەشدەکات سوودمەند دەبن. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، دەشڵێ: چەند ڕۆژێک دەبێت دەستمان بە دابەشکردنی نەوت کردووە، بۆ یەکەمجاریش لە قەزای چۆمان و سیدەکان دابەشکرا و تا ئێستا ٨ ھەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە، ئەمڕۆش لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دابەشدەکرێت، ئەو نەوتەی دەدرێت بە ھاووڵاتییان بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بەرمیلی بە ١٠٤ ھەزار دینارە، ئەگەر ببرێتە بەردەمی ماڵان ١٠٦ ھەزار دینار وەردەگیرێت.
ئەمیر سەلیم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، جەختیشی لەوە کردەوە: ئەمساڵ لە چاو ساڵانی ڕابردوو پڕۆسەکە زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، پێش ھاتنی وەرزی زستان ھەموو دانیشتووانی ئیدارەی سۆران بەشە نەوتی خۆیان وەردەگرن.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: کوالێتیی نەوت زۆر باشە، تا دەدرێت بە ھاووڵاتییان سێ جار پشکنینی بۆ دەکرێت، ھەروەھا دابەشکردنی نەوت بەسەر ھاووڵاتییان نرخی نەوتی لە بازاڕ دابەزاندووە، ئەوەش بۆتە جێگەی دڵخۆشی ھاووڵاتییان.

ھەواڵی زیاتر