٢٥ی ئەم مانگە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٢٥ی ئەم مانگە ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات، قوتابییان و کەسوکارییان سەردانی فرۆشگەکانی پەڕاوگە و جلوبەرگ دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکان، وەزارەتی پەروەردە ھەموو ئاسانکارییەکی کردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت.

پەروەردە کە لایەنێکی گرنگی پڕۆسەی خوێندنە ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواو بووە، ھەر لە دابەشکردنی قوتابییان لەسەر ناوەندەکانی خوێندن، ھەتا دابەشکردنی پۆلەکانی وانەگوتنەوە. ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی ٩ی ٢٠٢٤، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ بێت.
چەند ڕۆژێک دەبێت قوتابییان و کەسوکاریان بە گەرمی سەردانی پەڕاوگە و ئەو فرۆشگانە دەکەن کە پێداویستی خوێندن دەفرۆشن، ئەوان ئامادەسازی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکەن. بەیان عەبدوڵڵا، کە دوو منداڵی دەچنە قوتابخانە، گوتی: قوتابییان دڵخۆشن کە پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان سەرجەم پێداویستییەکانیان ئامادە دەکەن، منداڵێکم پۆلی چوارە، منداڵێکیشم پۆلی حەوتە، بۆ ھەر دووکیان جلوبەرگ و پێداویستی قوتابخانەم کڕیون، بۆ ئەوەی بە گەرم و گوڕیەوە ھەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ بکەن.
ھاشم نوری، خاوەن دوکانی جلوبەرگی قوتابییانە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕۆژانە بە سەدان کەس سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکان، ھەموو جلوبەرگێکمان ھێناوە ھەر لە قوتابی باخچەی ساوایان بگرە تا دەگاتە قوتابی قۆناغی ئامادەیی نرخی جلوبەرگیش لەگەڵ ساڵی ڕابردوو باشترە.
کاڵاکانی قوتابخانە بە باشترین کوالێتی و گونجاوترین نرخ پێشکەشی قوتابییان دەکرێت، ئەو نرخەی دانراوە نزیکە لە کوالێتییەکەی کەلوپەلەکان لە ئێران و چینەوە لەسەر داواکاریی و دیزاینی خاوەن پەڕاوگەکان دەبێت کە بە باشترین کوالێتی ھاوردەی ھەرێمی کوردستانی دەکەن. لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کارگەیەکی بەرھەمھێنانی پێویستییەکانی قوتابخانە و فەرمانگەکان نییە، بۆیە ٩٠%ـی کەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەکان لە چین و ئێران ھاوردە دەکرێن، بە چەند ھەفتەیەک پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پەڕاوگەکان و دوکانی جلوبەرگ داشکان دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیار.شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کارگەمان ھەیە جانتای قوتابخانە دابین دەکات، بەڵام پێداویستییەکانی دیکە ھەمووی لە دەرەوە دێتە ناوەوە، وەکو ھەرێمی کوردستان و عێراق وڵاتێکی بەکاربەرین، بۆیە زۆرجار داوامان کردووە کارگە لە بوارە جیاجیاکان دابنرێت، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لە ھەرێمی کوردستان پێداوستییەکان دابین بکەین.

ھەواڵی زیاتر