دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

مەی و ساقی و مەینۆش

زوو ئەلنوون (٧٩٦ – ٨٥٩ز) یەکێکبوو لە سۆفییە سەرنجڕاکێشەکان، لە میسر هاتبووە دونیاوە، بە مالیکی کوڕی ئەنەس، دامەزرێنەری مەزهەبی مالیکی، سەرسام بوو، لەبەر ئەوەی گوتبووی: قورئان خەلق نەکراوە، کەوتبووە زیندانەوە، خەلیفە موتەووەکیل کە بە گوتارێکی سەرسام دەبێت، لێی خۆش دەبێت. گوایە کەراماتی هەبووە، ئینسان و جنۆکەیش لەبن کاریگەریی ئەفسوونیدا بوون و کە کۆچی دوایی کردووە لە هەنیەی نووسراوە: (خۆشەویستی خوایە و لەپێناوی ئەڤینی خوادا مردووە،) ئاخر دەڵێن ‌هێندە لە خواوە نزیک بووە، پێی گوتووە: (لەنێو خەڵکدا بە خوا بانگت دەکەم، بەڵام کە وەتاق دەکەومەوە، هەر خۆشەویستەکەمت پێ دەڵێم.)
(هەر سەعاتێک تێپەڕ دەبێت، عاریف مەعریفەتی زیاتر دەبێت، زیاتر ملکەچی خوا دەبێت و لە خوا نزیکتر دەبێتەوە. ئەوەی عاریف دەیڵێت، گوتەی خوایە لەسەر زاری ئەو، عاریف بە چاوی خوایش دەبینێت، ئاخر خوا خۆی فەرموویەتی: کە بەندەیەکی خۆمم خۆش ویست، دەبمە گوێچکەی کە پێی دەبیستێت، دەبمە چاوی کە پێی دەبینێت، دەبمە زاری کە پێی دەپەیڤێت و دەبمە دەستی تەنانەت ئەگەر ستەمیشی پێ بکات.) زوو ئەلنوون، ئەو قسانەی لە فەرموودەی قودسییەوە هێناوە. فەرموودەی قودسی هەر پەیامی خودایە، بەڵام لە قورئاندا نەهاتووە.
سۆفییەکان بڕوایان وایە، ئینسان کە بەرگی تەقوای پۆشی، دەست لە کاری خراپە هەڵدەگرێت و هێدی هێدی دەیانگۆڕێت بە سیفەتە چاکەکانی خوا و ئیتر ئیلهامی گوتار و ڕەوتاری لە خواوە بۆ دێت. زوو ئەلنوون دەڵێت: (خوام بەهۆی خواوە ناسی، غەیری خوایشم بەهۆی پەیامهێنی خواوە ناسی.) سۆفی چونکە خوای خۆش دەوێت، ئیدی ئەوە مشتومڕ هەڵناگرێت کە پەیامهێنیشی چونکە خۆشەویستی خوایە، خۆش دەوێت، شوێنپێی هەڵدەگرێت و گوێڕایەڵی فەرمانیشی دەبێت. ئەو دوو سیفەتەی خوا کە هەم گیانبەخش و گیانکێش خۆیەتی، بەلای سۆفییەوە بایەخێکی زۆریان هەیە و دەچنەوە سەر (مانەوە و لەنێوچوون) کە لە سۆفیگەریدا دوو پرسی بنەڕەتیین.
نموونەی هەرە باڵا، لە جوانی و شکۆمەندی پێک دێت و خوا نموونە هەرە باڵاکەیە کە ئینسان هەرگیز ناگاتە ئەو بەرزایییە. زوو ئەلنوون دەیگوت: خوا بۆیە بەڵا بۆ ئینسان دەنێرێت، تا لە ڕووی ڕووحییەوە گەشە بکات. پێی وابوو: (بەڵا خوێی بڕوادارە، ئەو خوێیە نەبێت، دەگەنێت، بۆیە ئەڤینداری دڵسۆز، چێژ لەو بەڵایانە دەبینێت کە لای خۆشەویستەکەیەوە دێن.) کە یەکێک لە نزیکەکانی دەڵێت: ئەوی گازندە لەو بەڵایە بکات کە خوا بەسەریدا هێناوە، خوای خۆش ناوێت، زوو ئەلنوون پێی دەڵێت: ئەویشی لاف بە خۆشویستنی خواوە لێ بدات، خوای خۆش ناوێت.
بۆیە خۆشەویستی هەرگیز دوایی نایەت، چونکە خۆشەویست کۆتاییی نییە. خۆشەویستی کرۆکی زاتی خوایە، بۆیە وەک زاتی خوا، نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی. هەموو خوڵقاوێک خوای خۆش دەوێت، بەڵام هەر خوڵقاوە و بە زمانی خۆی ئەو خۆشەویستییە دەردەبڕێت، ئینسان بە زار کە قسەی دڵیەتی، هەنگ بە گیزە، گوڵ بە بۆن و مەل بە جریوە. زوو ئەلنوون دەڵێت: (خوایە گیان! کە ئاو خوڕەی دێت، کە مەل دەخوێنێت، کە با وژەی دێت، کە هەور دەگرمێنێت، هەموویان شایەتی لەسەر یەکبوونت دەدەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە وێنەت نییە و هەر خۆت زانا و سەرکەوتوویت.) نزاکانی ئەو سۆفییە بە زمانێکی هێندە جوان و بە ڕیتمێکی هێندە دڵگیر گوتراون، بە جۆرێک لە یادگەدا هەڵکۆڵراون، ملکەچی لەبیرچوونەوە نین. شاعیر و عاریفی تورک، یونس ئیمرەیش دەیگوت: (هەر چی خوڵقاو هەیە، خوا بۆ ئەوەی خوڵقاندوون، خوداپەرستی بکەن و خوا ئاگای لە عیبادەتی هەموو خوڵقاوێک هەیە.) کە لە موردێک دەپرسن: ئەو گوڵە سیسە چییە بۆ شێخت هێناوە، دەڵێت: (سەیری گوڵەکانم کرد، هەموویان سەرقاڵی زیکری ناوی خوابوون، نەدەبوو لێیان تێک بدەم، تەنیا ئەم گوڵە سیسەم دی لە زیکر بووبووەوە.)
بایەزیدی بەستامی سۆفییەکی فارس بووە، ساڵی ٨٧٤ی زایینی کۆچی دوایی کردووە، بە جەعفەری سادق سەرسام بووە، بە سوڵتانی عاریفان بەناوبانگە و ئێستایش سەردانی مەزارەکەی دەکرێت، پێی وابوو، وەها لەگەڵ خوادا یەکی گرتووە، تێیدا تواوەتەوە. هەندێک شەتەحاتی هەیە، تەواو وەک خوا پەیڤیوە، وەک: (بمپەرستن، ئاخر بێجگە لە من هیچ خوایەکی دیکە نییە!) یەکێکی دیکە لە شەتەحەتاکانی ئەوەیە کە دەڵێت: (سبحانی، ما أعڤم شأنی.) سۆفی کە خۆی وەک خوا دەناسێنێت، ئینکاری هەبوونی خوا ناکات، ئینکاری هەبوونی خۆی دەکات، لە چرکەساتێکدا وا دەپەیڤێت و وا هەست دەکات، هەبوونی خۆی لە دەست داوە و لەنێو زاتی خوادا بزربووە، باسی ئەو وەختە دەکات کە عاشق و مەعشووق یەک دەگرن، کە خودی خۆی لە هەمان کاتدا دەبێتە مەی و ساقی و مەینۆش.
بایەزیدی بەستامی لەبارەی زوهدەوە گوتوویەتی: (زوهد هیچ بایەخی نییە، سێ ڕۆژ خەریکی زوهد بووم، لە چوارەم ڕۆژدا کۆتاییم پێ هێنا. ڕۆژی یەکەم دەستم لەم دونیا هەڵگرت، ڕۆژی دووەم، دەستم لەو دونیا بەردا، ڕۆژێ سێیەم، بێجگە لە خوا، دەستم لە هەموو شتێک شووشت، ڕۆژی چوارەم هەر خوام بۆ مایەوە، ئیدی گوێم لە دەنگێک بوو، بانگی دەکردم: بایەزید تۆ توانای ئەوەت نییە، بەرگەی تەنییایی من بگریت، پێم گوت: با، ئەوە ئومێدی منە، گوتێ: پێی گەیشتیت، پێی گەیشتیت.) جارێک کەسێک دەیەوێت بیبینێت، بایەزید پێی دەڵێت: (من خۆیشم بەدوای بایەزیددا دەگەڕێم.)

ھەواڵی زیاتر