پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگی لە ئامێدی دانا “خەونێکی 30 ساڵیمان بوو”

دووشەممە، 23-09-2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ بەردی بناغەی پرۆژەی نووژەنکردنەوە و فراوانکردنی ڕێگەی “گەلیی باڵندا” بۆ “پردی سیدا” دانرا.

ڕێگەی “گەلیی باڵندا” دەکەوێتە دەڤەری نێروە و ڕێکان و دۆسکی ژووری و وەلاتژێریێ، لە سنووری قەزای ئامێدی؛ بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار و بە درێژایی 14 کیلۆمەتر لەلایەن کۆمپانیای “کاڤین گرووپ”ـەوە جێ بەجێ دەکرێت.

پارێزگاری دهۆک لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا باسی لەوە کرد، هێلی کارەبا بۆ ڕێگەکە دابین دەکرێت و دەڤەرەکەش لە ڕووی ئەمنییەوە، زۆر بە باشی دەپارێزرێت.

وەکوو ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو، بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا، نەتوانراوە دەڤەری نێروە و ڕێکان و دۆسکی ژووری و وەلاتژێریێ، ئاوەدان بکرێنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، دانانی بەردی بناغەی ڕێگەکە و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە، “وەکوو خەونێک بوو بۆمان”.

پارێزگاری دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە “دانانی بەردنی بناغەی ئەو پرۆژەیە، قۆناغی یەکەمی ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری نێروە و ڕێکان و دۆسکی ژووری و وەلاتژێریێیە. ستەمێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە کراوە کە بە درێژایی مێژوو قوربانییەکی زۆریان بۆ کوردستان داوە”.

لە دوای ساڵی 1991 و بەھۆی شەڕی پەكەكە و سوپای تورکیا، نەتوانراوە دەڤەری ئامێدی و ناوچە سنوورییەكانی  دیکەی ھەرێمی كوردستان ئاوەدان بکرێنەوە و چەندین گوند تا ئێستا ئاوەدانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە. ھەورەھا بەھۆی شەڕ و ململانێ بەردەوامەكانی پەكەكە لەگەڵ سوپای توركیا، سەدان گوندی دیكە چۆڵكراون و ململانێكان بوونەتە بەربەست لەبەردەم حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان.

پارێزگاری دهۆک داوای لە “گرووپە چەکدارەکان” کرد دەڤەری ئامێدی بەجێ بهێڵن و وەکوو خۆی گوتی “شەڕی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی، هیچ لە هاوکێشە ناوخۆیی، دەرەکی و ناوچەییەکان ناگۆڕێت؛ بۆیە داوایان لێ دەکەین ناوچەکەمان بەجێ بهێڵن، بۆ ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکە بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان”.

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، زیاتر لە 25 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئامێدی تەرخانکراون. ئەوەشی خستە ڕوو، لەم دوو هەفتەیەدا پرۆژەکان دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم بۆ سنووری قەزای ئامێدی بەم شێوەیەن:

ساڵی 2020: 85 پرۆژەی خزمەتگوزاری

ساڵی 2021: 18 پرۆژەی خزمەتگوزاری

ساڵی 2022: 94 پرۆژەی خزمەتگوزاری

ساڵی 2023: جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەردەوامە

ساڵی 2024: زیاتر لە 57 ملیار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان خەرج کراون

ھەواڵی زیاتر