کێشەکانی نێوان کوردستان و عێراق مێژوویین و ئەوە نین لە کێشەی مووچە و نەوتدا بچووک بکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا کە تەلەڤزیۆنی ”العربیە” لەگەڵیدا کردووە باسی کۆمەڵێک کێشەی مێژوویی و هەڵواسراوی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات و پێی وایە ناکرێ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە نەوت و مووچەدا بچووک بکرێنەوە، بەڵکو کێشە سەرەکییەکان مێژوویین پێوەندییان بە نەتەوە و خاکەوە هەیە. ئەو ئاماژەی داوە کە لە خولی سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەنگاوی زۆر ئەرێنی لە پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی نراون.

ئەو پێی وایە سەرەڕای ئەوەی کە لە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوی ئەرێنی نراون، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک کێشەی هەڵواسراو ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون کە بەشێکیان پێوەندییان بە کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو تەلەڤزیۆنە ڕوونی کردووەتەوە کە پرسی کورد لە عێراق هی ئێستا نییە بەڵکو پرسێکی مێژووییە و سەرەتاکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر لەوە گەورەترە لە ناکۆکییەکان لەبارەی مووچە یان نەوت بچووک بکرێنەوە و ڕیشەی ئەو کێشانە بۆ شوناسی نەتەوەیی و ناکۆکییەکان لەبارەی خاک دەگەڕێتەوە.
ئەو پێداگری کردووە کە هەموو هەوڵێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت لە بەڕێوەبردنی عێراق و پێشی وایە ڕێزگرتن لە دەستوور و جێبەجێکردنی دەستوور دەتوانێت گەرەنتی ئەو هاوبەشییە بکات.
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگی زانیوە دەستوور بکرێتە مەرجەعی سەرەکیی سەرجەم کێشەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی لە بواری نەوت و گاز و بودجەدا لەئارادان لە ڕێی ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی نێوان هەر دوو لایەن چارەسەر بکرێن.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەو زیانانە کردووە کە لە ئاکامی وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەر عێراق کەوتووە و قەبارەکەی گەیشتووەتە سەرووی نۆزدە ملیار دۆلار و دەڵێت بەداخەوە حکوومەتی عێراق تا ئەم ساتە مەیلی ئەوەی نییە قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردوونەتەوە کە باس لە بەقاچاغبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕوونی کردووەتەوە کە پێویستە بەڵگە هەبێت و لە ڕووی پابەندییەکانیش بەو ئەرکە داراییانەی لەسەر شانی هەرێمی کوردستانە، زۆر زیاتر لە هەموو بەشەکانی تری عێراق، هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتەکانی خستووەتە سندووقی فیدراڵی بەڵام پشکە داراییەکانی خۆی لە حکوومەتی عێراق وەک پێویست وەرنەگرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا باس لە پەرەسەندنی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات و بۆ تەلەڤزیۆنەکە ڕەتی کردووەتەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
سەرۆک وەزیرانی کوردستان، باسی پرسی ئەمنیی عێراق دەکات و پێی وایە هێشتا تیرۆر بە هەڕەشەیەک بۆ سەر تەواوی عێراق هەژمار دەکرێت و جگە لە گرووپێکی زۆری میلیشیایی هەن کە حکوومەتی فیدراڵی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا نییە.
مەسرور بارزانی هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی گەندەڵی و هەژاری و نەبوونی دادپەروەری لە عێراق و پێی وایە درێژەکێشانی دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی وڵات و داواش لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیری دەبێت حکوومەتی فیدراڵی تەواوی گرووپە میلیشیا و چەکدارەکانی دەرەوەی حکوومەت بهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی و کۆنترۆڵیان بکات.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت ئەو قەوارەیە لەسەر بنەمای دەستور بنیات نراوە و هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنیایی ئەو هەرێمە تووشی دابەشبوون و لێکترازان بکات و خەڵکی کوردستان خۆیان لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی داهاتوو و چارەنووسی خۆیان دەیاری دەکەن.
مەسرور بارزانی پێی وایە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان بە واتای بەهێزبوونی هەموو عێراق و سەرکەوتنی هەموو عێراق دێت و بۆیەش داوای کرد هاوبەشییەکی ڕاستەقینە هەبێت کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگیی و ڕەزامەنیی تەواوی چین و توێژ و نەتەوەکانی عێراق دامەزرابێت.

ھەواڵی زیاتر