سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

دەی دوازدە

بەهزاد حەوێزی

بیست رۆژ پێش کۆتایی ساڵ
رۆژێک رەت بوو
رۆژی لە دایکبوونم بوو..
کەچی ئەو رۆژە کەس نەیوت رۆژباش!….
سەرم هەڵبڕی
ئاسمان وەنەوزی دەدا
هەورەکان تاسابوون
چاوەڕوانی دڵۆپە ماچێکم دەکرد
کەچی هەر نەهات…
بەو بەیانییە
پەنجەرەی دڵم کردۆتەوە
کەچی
گوێم لە چرپە چرپی پەپوولەیەک نییە
شەونمی سەر پەنجەی لاسکەگیاش نابینم
ئاخر
تەرمی گوڵێک
شونپێی باخەوانێک
بینایی گرتووم
دڵی تەنگ کردووم…


پێش کۆتایی ساڵ بوو
هێندەم سەرما بوو
لە بری ئامێزی خۆشەویست
خەو زەفەری پێبردم
مەلی خەیاڵیش هەر باڵەفڕەی بوو..
لە پڕدا لەودیو پەنجەرەکەوە
پشیلە زەردباوەکە چڕنووکی بە شووشەکە دادێنا
هەرچەندە نەرم نەرم دەیمیاواند
بەڵام
وەڕسکەر بوو بە ئاگای هێنام
تووڕەی کردم..
بۆیە منیش پەردەی ماڵئاواییم دەدایەوە
و
هەر بەو بۆنەیەوە
خەوتمەوە..