پەیکەرێک بۆ هونەرمەند حەسەن زیرەک دروست دەکرێت

هونەرمەندی پەیکەرساز، چێنەر نزار سەرقاڵی دروستکردنی پەیکەرێکە بۆ هونەرمەندی بەناوبانگی کۆچکردووی کورد مامۆستا حەسەن زیرەک، بەڵام تائێستا شوێنی دانانی پەیکەرەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.

هونەرمەند چێنەر نزار بە (هەولێر)ی راگەیاند، نوێترین پڕۆژەی هونەریی، دروستکردنی پەیکەرێکە بۆ هونەرمەندی بەناوبانگی کۆچکردوو مامۆستا حەسەن زیرەک کە لەسەر ئەرکی د.تەها رەسوڵ جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا دروستکردنی پەیکەرەکە لە قۆناغی کۆتایی قوڕدایە و یەکێکە لە ئیشە جیاوازەکانی خۆی، چونکە هەم لە جوڵە و هەمیش یەکەم پەیکەریەتی دەمی کردبێتەوە لە کاتی گۆرانی وتن.
چێنەر نزار روونیکرەوە، بەرزی پەیکەرە ٢ مەتر و ٤٠ سانتیمەترە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانی دیکەی تەواو دەبن، بەڵام بۆ دانانەکەی هێشتا شوێنەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە کە ئایا لە پارکێک یان لە ماڵی سۆفی کەریم دادەنرێت.
هونەرمەند حەسەن زیرەک یەکێکە لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کوردستان کە لە رۆژھەڵاتی کوردستان هاتۆتە دنیاوە و سەدان بەرهەمی هەیە، ئەم هونەرمەندە هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام تائێستاش بەشێکی زۆری هونەرمەندانی کورد سوود لە بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە وەردەگرن.

ھەواڵی زیاتر