ئەمەریکا.. شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریی لە ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکایە و بەشداریی ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ دەکات.

چەند ڕۆژێکە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی لیوا ڕوکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە، لە ئەمەریکایە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند “ئامانجی سەردانەکە پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە؛ هەردوولا خوازیارن لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن”.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد “شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریی لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان، لە واشنتن دەکات”.

ڕۆژی 6ـی ئابی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر و چەکی قورسی پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پاشان لە رێوڕەسمێکدا ڕادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.

ڕاشیگەیاند “بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دووپات کردووەتەوە و پێدانی چەکی قورس و تۆپی جۆری هاویتزەریش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە”.

ئەمەریكا بەردەوام بە بایەخەوە سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش. سەرکردەکانی ئەو وڵاتە هەمیشە بە گرنگییەوە باس لە ڕۆڵی کوردستان دەکەن و بە هاوبەش و هاوپەیمانێکی ستراتیجیی وڵاتەکەیان دەزانن.

هەمیشە کوردستان هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریكا بووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لە چەندین پرسدا باسیان لە ڕۆڵی کورد لە ناوچەکە و جیهان کردووە.

ھەواڵی زیاتر