لە دوو ساڵی ڕابردوودا 500 كیلۆمەتر شەقام و ڕێگە هێڵكاری كراون

پرۆسەی هێڵكاریی شەقام و ڕێگەكان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن دەستی كاری ناوخۆییەوە بەردەوامە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا هێڵكاریی 500 كیلۆمەتر كراوە.
لە ساڵانی ڕابردوو هێڵکاریی شەقام و ڕێگەکان لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە جێبەجێ دەکران، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا، دوای دابینکردنی ئامێری پێویست و ڕاهێنان بە كرێكارانی ناوخۆ، ئێستا سەرجەم کارەکانی ئەندازەی هاتوچۆ لە لایەن تیمەکانی حکومەت و دەستی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت.
دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “ئێستا بە تێچوویەکی کەمتر، کوالێتیی باشتر و ماوەیەکی خێراتر، هێڵکاریی شەقام و ڕێگەكان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت، ئەو کارەی لە ماوەی ڕابردوودا سێ مانگی دەخایاند، ئێستا سێ کاتژمێری دەوێت”.
لەگەڵ ئەوەی کابینەی نۆیەم، وەك بەشێك لە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە چڕی کار لەسەر دروستکردنی شەقام و ڕێگەکان دەکات، هاوکات گرنگیی زۆریش بە وردەكاریی ڕێككاری و هێڵكاریی شەقامەكان دەدات.
لە دوو ساڵی ڕابردوو، نزیکەی 500 کیلۆمەتر، ڕێگە و شەقام هێڵکارییان بۆ کراوە، 15 هەزار هێمای جۆراوجۆری هاتوچۆ دانراون، نزیکەی 40 کیلۆمەتر پەرژینی ئاسنین بۆ ڕێگە و شەقامەکان دانراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ھەواڵی زیاتر