ئێران.. ساڵی نوێی خوێندن بە بێبەشبوونی 790 هەزار منداڵ دەستی پێ کرد

یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنە و بە گوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە ئێران 790 هەزار منداڵ لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراون.

ئاژانسی تەسنیمی ئێران لەسەر زاری محەممەد عەلەوی تەبار، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کردووە “لەگەڵ ئەوەی قوتابخانەکان بەر ڕووی قوتابییاندا دەکرێنەوە و ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات، کەچی هێشتا 790 هەزار قوتابی ناویان لە هیچ قوتابخانەیەک تۆمار نەکراوە”.

هەروەها ئاماژەی داوە، هیچ کاتێک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دۆخی کەرتی پەروەردە و فێربوون بەم جۆرە نەبووە و جیا لەوەی 790 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن، 100 هەزار قوتابیش هێشتا کتێبی قوتابخانەیان نەکڕیوە.

ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی نزیکەی 16 ملیۆن قوتابی دەستی پێ کرد و بە گوێرەی دوایین ئاماری پەروەردە هێشتا 790 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراون.

کۆی قوتابیانی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی نزیکەی 9 ملیۆن و 200 هەزارە، قۆناغی خوێندنی ناوەندی نزیکەی 3 ملیۆن و 800 هەزار قوتابین، قۆناغی ئامادەییش نزیکەی 2 ملیۆن و 900 هەزار قوتابی دەبن.

هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بۆ ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 500 هەزار قوتابی نوێ لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەست بە پرۆسەی خویندن و فێربوون دەکەن.

لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەر لە کەرتی گشتی، دوو ملیۆن و 500 قوتابی لە 18 هەزار قوتابخانەی کەرتی تایبەت لە قۆناغە جیاوازەکان دەخوێنن.

بەگوێرەی دوایین ئەو ئامارانەی محەممەد عەلەوی تەبار، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی ئێران ئاشکرای کردووە، بەشێکی ناونووس نەکردنی منداڵانی ئێران لە قوتابخانە بۆ خوێندنی ساڵی نوێی 204-2025 دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشانەی لە بەشێک لە قوتابخانەکانی حکوومی دروست بووە، بەهۆی ڕەتکردنەوە و تۆمارنەکردنی ناوی قوتابییان بە پاساوی نەبوونی کورسیی خوێندن، ئەمەش بووەتە هۆیەک بۆ سەر لێشواویی خێزانەکان و نا دڵنیایی بۆ تۆمارکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانەی دیکە.

ڕێکخراوە ئاماژەی داوە، هەرچەندە 154 ملیۆن کتێبی پرۆگرامی خوێندن چاپکراوە و بۆ فرۆشتن ئامادە کرابوون، بەڵام تاوەکوو ئێستا 890 هەزار قوتابی هیچ کتێبێکی پرۆگرامی خوێندنیان نەکڕیوە لە کاتێکدا 100 هەزار قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن ناویشیان تۆمارکراوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کەرتی گشتی 176 هەزار مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن کەمی کردووە و لەنێویاندا بڕیارە 93 هەزار دەرچووی زانکۆکان دوای تاقیکردنەوە بە گرێبەست وەربگیرێن، ئەوانی دیکەش بە وانەبێژ و خۆبەخش و مامۆستایانی خانەنشین پڕ بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر