مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان:لە هەڵبژاردن کوردستانیان بڕیاردەدەن خۆبەدەستەوەدان و وێرانكردنیان دەوێت یان بنياتنان و پێشكەوتن

بەشی یەکەم

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و تایبەتدا، لەگەڵ کەناڵی (العربیه) باسی لە بارودۆخی هەنووكەیی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و گفتوگۆکانی ھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆمەڵێکی بابەتی دیکەی کرد. ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی چاوپێكەوتنەکەیە:

العربیة: دوو ساڵ بەسەر پێكهێنانی حكوومەتەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی دا تێپەڕ دەبێت، ئایا ئێوە هاوبەشن یان تەنیا بەشدارن لەو حكوومەتە؟ چۆن پەیوەندییەكەتان لەگەڵ بەغدا دەبینن؟
سەرۆکی حکوومەت: زۆر بەخێر بێن، خۆشحاڵم بەوەی جارێكی دیكە چاوپێكەوتنتان لەگەڵ دەكەم. بێگومان ئێمە حەز دەكەین هاوبەش بین لە حكوومەت، هەموو ڕێزێكمان بۆ بەڕێز سوودانی هەیە. لەو ماوەیەی كە بەڕێز سوودانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی وەرگرتووە، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا پێشكەوتووە، تاوەكوو ئێستاش هەندێك لە كێشەكان ماون، بەڵام هەردوو لایەن كار دەكەین بۆ كۆتاییهێنان بەو كێشانە. ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، پابەندبوونە بە دەستوور و جێبەجێكردنی هەموو ماددەكانی دەستوور، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هەست بەوە بكات كە هاوبەشی راستەقینەیە لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراق.
العربیة: زۆر لە سیاسییەكان قسە لەسەر دەستوور دەكەن، بەڵام هەندێك وای دەبینن كە جێبەجێكردنی دەستوور بەپێی ئەو سوودەیە كە لایەنی جێبەجێكار دەیبینێت، كامانەن ئەو خاڵە ناكۆكانەی تاوەكو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا ماون، مووچەیە یان بابەتی نەوت و غازە؟
سەرۆکی حکوومەت: كێشەمان گەورەترە لەوەی لە دۆسیەی مووچە یان نەوت و غازدا كورت بكرێتەوە، هەروەك دەزانن كە دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق ڕیشەی مێژوویی هەیە و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە. پێویست بوو لەسەر ئەو دەوڵەتە كە لەسەر بنەمای دوو پێكهاتەی سەرەكیی لە عێراق دابمەزرێت كە ئەوانیش كورد و عەرەبن لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، عێراقیش بە یەكسانی ببێتە وڵاتێك بۆ هەموومان. كێشەمان لە (ناسنامەی نەتەوەیی، خاك، ناوچە كێشەلەسەرەكان)دا خۆیان دەبینێتەوە، بابەتەكانی نەوت و غاز و بودجە و مووچە پاش كەڵەكەبوونی كێشەكان و چارەسەرنەكردنیان دەرکەوتن. بۆیە ئەگەر راستیت دەوێ، چارەسەر لە دەستوور هەیە بۆ كێشەكەمان، ناتواندرێت دەستوور وەك ئامرازێك بۆ بەرژەوەندیی لایەنێك لە دژی لایەنێكی دیكە بەكار بهێندرێت.
دەستوور بریتیە لە كۆمەڵە خاڵێك كە دانوستانیان لەسەر كراوە و هەموو لایەنەكان لەسەری رێككەوتوون و گەرەنتیی مافی زۆرینەی عێراقییەكانی كردووە. ڕاستە كورد و پێكهاتەكانی تر پێیانوایە كە دەستوور هەموو مافەكانیانی گەرەنتی نەكردووە، بەڵام وای دەبینین كە ئێمە دەستوورێكمان هەیە و زۆربەی عێراقییەكان دەنگیان لەسەر داوە و دەبێت لە لایەن هەموانەوە ڕێزی لێ بگرێت و ناكرێت وەك لیستێك سەیر بكرێت كە هەر كەسەی ئەو خاڵانە هەڵبژێرێت كە دەیەوێت تاوەكو جێبەجێی بكات و بڕگە و ماددەكانی دیكەش پشتگوێ بخات. كورد بە وردی لە دانوستانەكانی دەستوور كردووە و ئێمە پابەندین بەوەی كە دەستوور هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
العربیة: هەندێك وای دەبینن كە لایەنی كوردی هەن هەرێمی كوردستانیان لاواز كردووە، هەندێك وای دەبینن كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە لاوازترین دۆخی سیاسیی خۆیدایە، بەهۆی بوونی ناكۆكی لەنێو حزبە كوردییەكان و بەهۆی ئەوەی كە حزبی كوردی هەیە كە بەغدا لە سەرووی هەرێمی كوردستان دادەنێت؟
سەرۆکی حکوومەت: جیاوازیی سیاسی لە نێوان هەموو حزبە سیاسییەكان، لە بەغدا و هەموو عێراق هەیە، هەموو شیعە و هەموو سوننەش كۆك نین بە تەواوی، ناتوانیت مامەڵە لەگەڵ ناكۆكیی نێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت وەك خاڵێكی لاواز، ئێمە هیوامان دەخواست كە هەڵوێستی حزبە كوردستانییەكان یەك بێت و كۆك بن، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە و پێویستە هەمووان پێیەوە پابەند بن، ئەگەر هەر لایەنێك پابەندییەكانی بەرامبەر دەستوور جێبەجێ نەكرد، پێویستە دەستوور خۆی ناوبژیوان بێت لە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە. پێویستە دەستوور ناوبژیوان بێت لە دیاریكردنی جۆری پەیوەندی لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناكرێت هیچ حزبێكی سیاسی جۆری ئەو پەیوەندییە دیاری بكات. دەستوور خۆی دیاری دەكات، بۆیە دەبێت ڕێز لەو دەستوورە بگرین كە پەیوەندییەكانی تێدا ڕێكخراوە.
العربیة: سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا لەم دواییانەدا گوتی، دەبێت یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە یانیش یاساكە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، پێتوایە بگەنە چارەسەرێكی ڕازیكەر لە ماوەی داهاتوودا؟
سەرۆکی حکوومەت: باوەڕ بكە ئەگەر نیەت و نیازپاکی هەبێت، چارەسەر ئاسانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەو نیازەمان هەیە و چەندان جار دووپاتمان كردۆتەوە، هەنگاوی ئەرێنی هەن كە ناومانن بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی عێراق.
هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بابەتێكی سوودبەخش بوو بۆ بەرژەوەندیی عێراق و وەستاندنیشی زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاند. بۆ زانیاریتان، وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە بە هۆی ئەوەی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری زیانمان پێ بکەوێت، زۆربەی ئەو زیانەش بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە حكوومەتی فیدڕاڵی هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووكردنەوەی هەرێمی كوردستان لەو زیانەی بەریكەوتووە. هەروەها تاوەكوو ئەو بڕیارە بەردەوام بێت، زیانەكانیش بەردەوام دەبن. بۆیە ئێمە وای دەبینین كە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بۆ عێراق بە شێوەیەكی گشتی سوودبەخش دەبێت.
ئێستا دوو خاڵی سەرەكی ماون كە پێموایە چارەسەركردنیان زۆر ئاسانە، یەكەمیان خۆی لە تێچووی راستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەبینێتەوە. كێڵگەكانی كوردستان جیاوازن و جۆری نەوتیش لەو كێڵگانە جیاوازن، ئێستاش دانوستان لەبارەی دیاریكردنی نرخی كێڵگە نەوتییەكان لە تەواوی عێراق هەیە. لەو ناوچانەی كە نەوتی قورسیان تێدایە، دەرهێنان زەحمەت دەبێت و نرخەكەش بەرز دەبێت بە جۆرێك كە لە 30 دۆلار كەمتر نییە، بۆیە نابێت نرخێكی یەكگرتوو لە بودجەدا جێگیر بكرێت کە بە 6 یان 8 دۆلار دابنرێت و بەسەر هەموو عێراقدا بگشتێندرێت، ئەمە بابەتێكی مەحاڵە، چونكە كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان هەموویان بیانین و بەشێك لە سەرمایەكانیان بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێناوە، بەشێكیشی وەك تێچووی گەڕاندنەوە لەوەی لە نەوت دەردەهێندرێت، بەشێكی دیكەی وەبەرهێنانەكەشیان بەپێی گرێبەستەكانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قەرزە كەڵەكەبووەكان وەردەگیرێت، بە كۆكردنەوەی هەموو ئەو تێچوونانە، تێچوونی راستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەردەكەوێت.
ئەو تێچووە ئێمە دیاریمان نەكردووە، ئەوە واقیعێكە كە لە لایەن لێژنەی تایبەتمەندەوە دیراسە كراوە، ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن لەسەر ئەم بابەتە، كێشەكە زۆر زۆر ئاسانە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.
العربیة: كەسانێك لە بەغدا دەڵێن كە هەرێمی كوردستان نەوت بەقاچاخ دەنێرێتە دەرەوە، هەندێك دەڵێن هەرێم مووچەی دوو ئەوەندە وەردەگرێت و ناوی خەیاڵی لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دانراوە تاوەكوو پارەی دەست بكەوێ، هەیە دەڵێ حكوومەت داهاتی دەروازە سنوورییەكان ناداتە حكوومەتی فیدڕاڵی؟
سەرۆکی حکوومەت: هەركەس ئازادە چی دەڵێت، بەڵام دەبێ ئەوەی کەسەی كە ئێمە تۆمەتبار دەكات، قسەكانی بە بەڵگەی ڕاستەقینە و بەهێز بخاتە ڕوو. ئێمە ئەو قسە و تۆمەتانە ڕەت دەكەینەوە كە هیچ بنەمایەكی راستی نییە و هەرێمی كوردستان، زياتر لە بەشەكانی دیكەی عێراق، پابەندییە داراییەکانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ كردووە. هەرێمی كوردستان هەموو ئەو شایستانەی كە لە دەستووردا نووسراون بە خەزێنەی گشتی داوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە مافە داراییەكانی و پشكەكەی لە بودجەی گشتی سوودمەند نەبووە. ڕێژەیەكی گەورەی بودجەی عێراق وەك خەرجیی سیادی دیاری كراوە، پێویستە پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدا بێت، بەڵام هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێستا لە خەرجییە سیادییەكان سوودمەند نەبووە. ئەمە جگە لە قەرەبووكردنەوەی گەلی كوردستان بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە دژی كرا لەسەر دەستی ڕژێمی هەڵوەشێندراوە، لە پرۆسەكانی كۆمەڵكوژی كە زیاتر لە 182 هەزار شەهید لە پرۆسەكانی ئەنفال هەبووە، كوا قەرەبووەكان بۆ كەسوكاری زیاتر لە 5 هەزار شەهیدی بۆردومانی كیمیاوی لە هەڵەبجە؟ كوا قەرەبووەكانی وێرانكردنی زیاتر لە 4500 گوند؟ ئێمە یەك فلسیشمان لەو قەرەبووانە وەرنەگرتووە.
هەرێمی كوردستان پابەندیی دارایی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ کردووە، وەڵامی من بۆ ئەوانەی كە هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن، ئەوەیە کە دەستپێشخەری بكەن بۆ گەڕان و لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر بۆ موڵك و ماڵی عێراق، بۆ ئەوەی بزانین لە کوێیە و چارەنووسی چییە؟ ئایا هەمووی بۆ خەزێنەی عێراق دەگەڕێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی گشتیی عێراق خەرج دەكرێت؟ یان سەرنجەكە هەر لەسەر هەرێمی كوردستانە و قۆستنەوەیەتی وەك بابەتێكی سیاسی لە دژی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكەینەوە.
العربیة: ئایا لەوە دڵنیان كە هەندێک لایەن هەن كار لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن؟ چۆن سەیری بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگا دەكەن لەبارەی كۆتاکان كە سەرەتا دەركرا و دواتر هەمواركرایەوە، ئایا ئەمە لە ڕووی هەڵبژاردنەوە كار لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات؟
سەرۆکی حکوومەت: بێگومان خەڵكێك هەیە كە هێشتا پێیوایە دەبێت حوكم لە عێراق ناوەندیی و مەركەزی بێت، ئەوانە باوەڕیان بە فیدڕاڵیەت و دەستوور و حكوومەتی نوێی عێراقیش نییە. دەبێت هەموومان ڕووبەڕووی ئەم بیركردنەوەیە ببنەوە. پێویست بوو ئێمە لە دوای پەسەندکردنی دەستوور، عێراقێكی نوێ بنیات بنێین، عێراق بۆ هەموومان بێت و مافەكانمان تێیدا پارێزراو بێت. بەڵێ ئێمە ئەركمان هەیە، بەڵام مافیشمان هەیە و ناتواندرێت تەنیا قسە لەسەر ئەركەكان بكرێت و لە مافەكانمان بێبەش بكرێین. ئەوانەی بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە، پێش ئەوەی زەرەر بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن، زەرەر بە خۆیان دەگەیەنن. سەركەوتنی عێراق لەسەر ڕێزگرتنمان لە یەكتر وەستاوە. عێراق ئەو کاتە سەردەكەوێت ئەگەر پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، بە هێز و سەركەوتنی عێراق بزانێت.
هەرچی لەبارەی هەڵوێستە سیاسییەكان و بە تایبەتیش ئەوەی لەبارەی كۆتا گوتتان، من پێموایە كە بڕیارێكی ناهەق بوو، بڕیارێك بوو كە هیچ پەیوەندییەكی بە دەستوور و یاساوە نەبوو، چونكە دەسەڵاتی دادوەریی، بابەتە دادوەرییەكان یەكلا دەكەنەوە نەك تەشریعییەكان. كورسییەكانی كۆتا لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دیاری كرابوو، تەنیا دەسەڵاتی یاسادانان دەیتوانی بیگۆڕێت، بەڵام ئەم بڕیارە سیاسییە لە ڕێگەی دامەزراوەیەكی دادوەری درا و كورسییەكانی كۆتای پێكهاتەكان هەڵوەشێندرایەوە.
لەم بڕیارەدا زیادەڕۆیی یاسایی و زیادەڕۆیی مافی هاووڵاتیان لە ڕۆڵەكانی پێكهاتەكان كراوە، لە هەرێمی كوردستان پێكهاتەی وەك مەسیحی و توركمان هەن، كورسیی كۆتا بۆ گەرەنتیكردنی بەشداریكردنی نوێنەرانیان لە پەرلەمان دانراوە، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕێژەی دانیشتووانیان زۆر بەرز نییە، بۆیە لە ڕێگەی كۆتاوە چارەسەر كراوە و بەشداریكردنیان گەرەنتی كراوە، بەڵام ئەم بابەتە بە بڕیارێكی دادوەری هەڵوەشێندرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگربووین لەسەر گەڕاندنەوەی بەشێك لەو كورسییە هەڵوەشێندراوانە و توانیمان پێنج كورسی لە چوارچێوەی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێنینەوە، هەرچەندە ئەم چارەسەرە زۆر دادپەروەرانە نییە، بەڵام باشترە لەوەی هەر هیچیان نەبێت.

ھەواڵی زیاتر