دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

ڕه‌گوڕیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دەغەزداری

دەغەزداری یاخود نه‌خۆشی و تێكچوونه‌ ده‌روونییه‌كان، به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان، به‌ مانایه‌كی دیكه‌، هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی نییه‌، خاڵی بێت له‌ تێكچوونه‌ ده‌روونییه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش یه‌كێكه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ تێكچوونه‌ ده‌روونییه‌كان كه‌م تا زۆر تیایدا ده‌بینرێت.

هۆكاره‌كانی تێكچوونه‌ ده‌روونییه‌كان هه‌مه‌چه‌شنن، به‌ڵام هه‌رگیز نابێ ئه‌وه‌مان له‌ بیربچێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تێكچوون و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و له‌ دۆخ و هه‌لومه‌رج و پانتاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا و ڕه‌گ و ریشه‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دایه‌. نه‌ك ئه‌وه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان به‌ نه‌خۆشییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانرێت، نه‌ك نه‌خۆشی و تێكچوونی باری ده‌روونی ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یان لێ پێك هاتووه‌. به‌رده‌وام پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ ببێته‌ بنه‌مای ئاستی ئارامیی ده‌روونیی تاكه‌كان. به‌ مانایه‌كی دیكه‌، بونیادی كۆمه‌ڵگه‌ كاریگه‌ریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌سه‌ر ده‌رفه‌ته‌كانی ژیانی ئه‌ندامه‌كانی داده‌نێت.
هیچ قۆناغ و سه‌رده‌مێكی مرۆیی نییه‌، خاڵی بێت له‌ كێشه‌ و نه‌خۆشیی ده‌روونی، به‌ڵام هیچ كات هێنده‌ی ئێستا ئاست و قه‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان زیادی نه‌كردووه‌، جۆری جیاواز و ڕێژه‌ی جیاوازی زۆری په‌یدا بووه‌، تا كۆمه‌ڵگه‌ ئاڵۆزتر بێت، كێشه‌ ده‌روونییه‌كانیش زیاتر ده‌بێت. له‌م دواییانه‌ ئه‌نجامی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی تویژ و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر تووشی نه‌خۆشیی و تێكچوونه‌ ده‌روونییه‌كان ده‌بنه‌وه‌ له‌ به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئاسته‌كانی سه‌ره‌وه‌ی توێژ و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندان. بۆیه‌ پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌كان، رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌وه‌ی تا چ ڕاده‌ و ئاستێكی تووشی كام جۆری نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بیته‌وه‌. ئه‌و نه‌خۆشیی و تێكچوونه‌ ده‌روونییانه‌ی تووشی ده‌وڵه‌مه‌ندێك ده‌بێت جیاوازه‌ له‌و نه‌خۆشی و تێكچوونه‌ ده‌روونییانه‌ی تووشی هه‌ژار و نه‌دارێك ده‌بێته‌وه‌، ده‌وڵه‌مه‌ندێك ڕه‌نگه‌ شه‌وان تا به‌ره‌به‌یان خه‌و له‌ چاوی بزڕێ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن ده‌وڵه‌مه‌نتر بێت، دۆخی زۆر جیاوازتره‌ له‌و هه‌ژاره‌ ده‌بێت ده‌مه‌وئێواره‌ بخه‌وێت تا به‌یانی زوو بچێته‌ سه‌ركاره‌كه‌ی و رۆژانه‌یه‌كی كه‌می ده‌ست بكه‌وێت.
بۆیه‌ ده‌كرێ بڵێین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی زۆربه‌ی تێكچوون و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان بریتییه‌ له‌ هۆكاره‌ ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ له‌م بواره‌دا كه‌متر نوسراوه‌ و زیاتر سه‌رچاوه‌ و هۆكاره‌كانی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان بۆ ڕه‌گوڕیشه‌ ژنتێكیی و ده‌روونییه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێ به‌وردی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و كێشه‌ ده‌روونییانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری گوونجاوی بۆ بخرێته‌ ڕوو.
هه‌روه‌ها ڕه‌گه‌زیش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ جۆری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییانه‌ی له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌هۆی جیاوازی ڕه‌گه‌زه‌وه‌ دروست ده‌بێت جیاوازه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییانه‌ی كه‌ له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان دێته‌كایه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ڕه‌گه‌زی نێر و مێ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی جیاوازه‌ و ماف و رۆڵ و ئه‌ركی هه‌ر یه‌ك له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ له‌ هه‌ر یه‌ك له‌و دوو پانتاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاوازه‌، ئه‌م جیاوازییه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی جۆری نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كه‌ جیاواز بێت. وێڕای ئه‌وه‌ش، جۆری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌ی رووبه‌رووی ژنێكی بێهاوژین ده‌بێته‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌ی رووبه‌رووی ژنێك كه‌ هاوسه‌رگیریی كردووه‌ یان سه‌ڵته‌، ئه‌مه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ پیاوانیش هه‌ر ڕاسته‌.
به‌م چه‌شنه‌ ده‌توانین بڵێیت كه‌ پاراستن ده‌رووندروستییمان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی كه‌ تا چه‌نده‌ هه‌م تاكه‌كان گرنگی به‌ بوونی خۆیان ده‌ده‌ن و ئه‌وانیتر چه‌نده‌ گرنگی به‌ بوونی و لایه‌نی ده‌روونیی ده‌روبه‌رییان ده‌ده‌ن. وێڕای ئه‌وه‌ش، ئاستی ئه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆر و قه‌باره‌ی كێشه‌ ده‌روونییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان هه‌یه‌، ئاستی هه‌بوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تییش به‌ هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ریی به‌رچاوی له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان هه‌یه‌، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌بوو، یان لاواز بوو، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاستی نه‌خۆشیی ده‌روونییش زیاتر ده‌بێت، تا تاكه‌كان هه‌ست به‌ ئاسایش و ئه‌مانی زیاتر بكه‌ن، له‌ كۆڵ به‌شێك له‌ تێكچوونه‌ ده‌روونییه‌كان ده‌بنه‌وه‌.
كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ بێ كێشه‌ یان كه‌م كیشه‌ بین، پێویسته‌ پێش هه‌ر شتێك، خۆمان له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی درووستبوونی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌دوور بگرین.