وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند توانای پشكنینی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن ( كۆرۆنا)یان هەیە و ڕۆژانە بەدواداچوون دەكەن بۆ ڤاپرۆسەكە؛ هاوكات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمیش جەختی كردەوە كە هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە لە هەرێمی كوردستان.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر ڕایگەیاند: تیمەكانی پشكنینی كۆرۆنا ڕۆژانە بەدواچوونیان هەیە لە نموونە وەرگیراوەكانی كۆرۆنا، لەگەڵ هەبوونی هەر حاڵەتێكی گوماناوی یان چەسپاوی ئۆمیكرۆن ڕایدەگەیەنین، ئەمەش بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان زیاتر پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزیبن لە ئەم نەخۆشییە گوازراوەیە.
د. سامان بەرزنجی گوتیشی: لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو بابەتە لەسەر هێڵین، هیچ بڕیارێكیش نییە كە سنوور و فڕۆكەخانەكان دابخەین، ئاماژەی بەوەش دا كە لە دوایین هەڵكشانی شەپۆڵی سێیەمی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بۆمان دەركەوت، كە ڤاكسین ڕۆڵێكی زۆر باشی بینی لە بەرگیری لە تووشبوونی خەڵك و كەوتنە نەخۆشخانە و مردن، بە گوێرەی بەدواداچوونەكانیشمان، بەداخەوە پشتگوێخستنی وەرگرتنی ڤاكسین كارەساتی مردنی خستە ناو ئەو كەس و خێزانانەی، كە ڤاكسینیان وەرنەگرتبوو.
د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسە گۆڕاوە نوێیەکە واتە ئۆمیكرۆن لە هەرێمی كوردستاندا تۆمار نەكراوە و داوای لە هاووڵاتیانیش كرد سەردانی بنكەكانی ڤاكسین بكەن و ڤاكسین لەخۆیان بدەن ئەمەش لە پێناو سەلامەتی خۆیان و كەسوكاریاندا.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا، مەترسیدارترە و پابەندبوون بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی تاکە رێگایە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکە.