شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق:کێشەی زەویی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تەواوی چارە دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنەکان بێت ھیچ کێشەیەک نامێنێت. حکوومەتی عێراق ٥٥ ماددەی دەستووری کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پێشێلی کردووە.

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕایگەیاند، کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، ھەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدانی عێراقیان دەبێت و مووچەی پێشمەرگەیەکی شەھیدکراو ئەگەر ئێستا ٥٠٠ ھەزار دینار بێت دەبێتە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دینار. دەشڵێ: ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت چی دیکە دەست بۆ زەوی و زاری جووتیارانی کورد درێژ بکات، ھەموو ئەو زەوییانەی کە لە ڕابردوودا دەستییان بەسەردا گیراوە دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.

یاساکە لە بەرژەوەندی کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعشە
سەرجەم ئەو شەھیدانەی لە ڕۆژی ٨ـی شوباتی ١٩٦٣ تاوەکو ڕۆژی ١١ـی ئابی ١٩٦٣، پاشان ئەو شەھیدانەی لە ڕۆژی ١٧ـی تەمووزی ١٩٦٨ تا ڕۆژی ٨ـی نیسانی ٢٠٠٣ لە وەزارەتی شەھیدانی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون و وارسەکانیان نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن، سەرجەمیان ئیمتیازاتیان وەکو ئیمتیازاتی دەزگای شەھیدانی عێراقی لێدێت. شوان کەلاری، گوتی: لە ھەمواری یاسای دەزگای شەھیدان لە عێراق ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٦ دوو بڕگەمان زیاد کردووە، کە پێشتر لە یاساکە نەبوونە، بڕگەی یەکەم لە ماددەی یەک، دەڵێ، شەھیدانی دەستی داعش واتە شەھیدانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان ئەوانە ھەموو سوودمەند دەبن لە ئیمتیازاتی دەزگای شەھیدان، واتە ھەموو ئەوانەی بە دەستی داعش شەھید بوونە، مووچە و ئیمتیازاتەکانیان دەخرێتە سەر دەزگای شەھیدان، مووچەی پێشمەرگەیەکی شەھیدکراو ئەگەر ئێستا پێنج سەد ھەزار دینار بێت، لێرە بەدواوە دەبێتە ملیۆنێک و دوو سەد ھەزار دینار، دووەمیش ئەوانەی شەھیدیان ھەیە و لە وەزارەتی شەھیدان تۆمارە، واتە ناوی لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانە، ئەگەر وارسەکەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بێت کۆمەڵێک ئیمتیازات وەردەگرێت، وەکو پێدانی نمرە بە قوتابییەکانی، کورسی خوێندنی باڵا، گواستنەوە لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە، لەگەڵ وەرگرتنی مەدالیای ڕێزلێنان.

حکوومەتی عێراق دەبێت جێبەجێ بکات
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ڕێککەوتن لە نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە، لە بەرنامەی کاری کابینەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ھاتووە، لە ھەمان کاتدا ئەو دوو ماددەیە زیاد کراون، نەک ھەموار کراونەتەوە، بڕگەی دە لە ماددەی بیست ئەویش زیاد کراوە و بووەتە یاسا، بۆیە لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە جێبەجێ بکات.

پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق بە ڕێککەوتنەکان لە ڕابردوو ئەوە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە بووە وەکو ھەرێمی کوردستان، ھەتا گەیشتە پێشێلکاری دەستوور، کە ٥٥ ماددەی دەستووری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون، لە ڕابردوو وا بوو، بەڵام ئێستا لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش ھەیە ھەنگاوی باش نراوە، لەسەر کۆمەڵێک یاسای باش کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بن کار دەکەین، لە ھەمان کاتدا کار لەسەر ھەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە کە پەیوەستە بە داگیرکردنی زەوی و زاری جووتیارانی کورد لە کەرکووک، خانەقین، مەخموور و شوێنەکانی دیکە دەکەین، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس بووەتە یاسا، ھەموو ئەمانە کۆمەڵێک یاسای گرنگن، جگە لەوەی لەسەر بابەتی بودجە و مووچە گەیشتوونەتە ئەنجامێکی زۆر باش، ئێستا ھەنگاوی زۆر باش نراوە، ھیوادارین حکوومەتی عێراق وەکو ھەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێن و ڕێککەوتنەکان بێت.

هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور بووە
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٠٠% پابەندی دەستوور بووە، ئەوەی دەستووری پێشێل کردووە حکوومەتی عێراقە، ئەگەر ئەو ھێزەی ھەبێت ئەو بابەتانەی کە لەگەڵ ھەولێر لەسەری ڕێکدەکەون وەکو خۆی جێبەجێ بکات یەک کێشە لە نێوان ھەولێر و بەغدا نامێنێت، عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی بەھێزتر لەوەی کە ئێستا ھەیە دەبێت.

جووتیارانی کورد سوودمەند دەبن
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیشیکردەوە: ژمارەیەکی یەکجار زۆر زەوی جووتیارانی کورد لە کەرکووک، خانەقین، مەخموور و ناوچەکانی دیکە لەلایەن عەرەبی ھاوردە دەستی بەسەردا گیراوە، ئێستا پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمانە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە تەنیا ماوە بخرێتە دەنگدان و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت چی دیکە دەست بۆ زەوی و زاری جووتیارانی کورد درێژ بکات و دەستی بەسەردا بگیرێت، ھەموو ئەو زەوییانەشی کە لە ڕابردوودا دەستییان بەسەردا گیراوە دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.

ھەواڵی زیاتر