یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

شاخەوان عەبدوڵڵا: دەبێت سەرژمێریی 1957 بکرێتە بنەمای سەرژمێریی گشتی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە سەرژمێری گشتی نەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە ڕەگەزنامەکەی بۆ کەرکووک بگوازێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: پێویستە سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ سەرژمێریی گشتیی ئەم ساڵ لە عێراق.

ڕاشیگەیاند، پێویستە سەرژمێریی گشتیی نەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە ڕەگەزنامەکەی بۆ کەرکووک بگوازێتەوە.

چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024 لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیارە لە 20ی 11ی 2024 پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان نیگەرانین و بە گومانەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانین، چونکە لەلایەک ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە و لەلایەکی دیکەوە مێژووی سەرژمێرییەکانی ڕابردوو ئەزموونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان بۆ کوردستان هەبووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە سوپاسەوە لە دەرئەنجامی هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڕوانین، کاری جددییان بۆ نەهێشتینی کاریگەریی سیاسی لەسەر سەرژمێرییەکە کردووە.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوە داوە، دەبێت تواناکان بە ئاراستەی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچانە یەک بخەین، کە ئێستا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن.

ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957

بەگوێرەی سه‌رژمێری ساڵی 1957ـی عێراق، ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق بریتی بووە لە شەش ملیۆن و 538 هەزار و 199 کەس و کە کورد رێژەی 16%ـی پێکهێناوە و عەرەبیش بە شیعە و سووننەوە رێژەی 80%ـی دانیشتووان و تورکمان رێژەی 2%ـی دانیشتووانی عێراقیان پێکهێناوە.

ژمارەی عەرەب لە عێراق بە شیعە و سووننەوە، پێنج ملیۆن و 18 هەزار و 262 کەس بووە و ژمارەی کوردیش ملیۆنێک و 42 هەزار و 774 کەس و تورکمانیش 136 هەزار و 806 کەس و كریستیانه‌كانیش ژمارەیان 206 هەزار و 202 کەس بووە لە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957.

لە سەرژمێری ساڵی 1957ـدا، دابه‌شبوونی دانیشتووان له‌ كه‌ركووك، کورد زۆرینە بووە بە 187 هەزار و 593 کەس و عەرەبیش 109 هەزار و 620 کەس و تورکمانیش 83 هەزار و 371 کەس و کریستیانەکانیش ژمارەیان بە هەزار و 605 کەس.