شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

بە درێژایی 44 كیلۆمەتر لە 8ی حەسارۆك شەقام دروست دەکرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە هەولێر بە درێژایی 44 کیلۆمەتر سەرە بلۆک دادەنرێت و شەقام دروست دەکرێت، کە زیاتر لە چوار هەزار پارچە زەوی دەگرێتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوولی 2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەیەكی دیكەی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستیپێكرد كە زیاتر لە 4 هەزار و 200 پارچە زەوی لەم پڕۆژە نوێیەدا شەقام و سەرەبلۆكیان بۆ دروست دەكرێت.

دانانی سەرەبلۆک و دروستکردنی شەقام لە زۆنی C گەڕەکی هەشتی حەسارۆک جێبەجێ دەکرێت کە ڕووبەری زۆنەکە 697 هەزار مەتر دووجایە و لە پرۆژەکەدا شەقام و كۆڵانیان بۆ دروست دەكرێت.

هەر لە بارەی پرۆژەکەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر 884 ملیۆن دینار كە دابین كراوە جێبەجێكردنی ئەو بەشەی پڕۆژەكە.

 وەزیری شارەوانی ئاماژەیداوە، لە دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ 8ی حەسارۆك و بەڵێندانی بەوەی بەزووترین كات دەبێت خزمەتگوزاری و كارەكان لە هەشتی حەسارۆك دەست پێ بكات، لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەكە لە زۆنەكانی A  و B كراوە و لە زۆنێكیاندا كارەكان تەواوكراون و لەوەی دیكەیاندا نیوەی كارەكان ئەنجامدراون و ئێستاش كاركردن لە زۆنی C دەستی پێكردووە.