بەڕێوبەری پەروەردەی هەولێر:بەر لە دەستپێکردنی خوێندن سێ باڵەخانەی نوێی قوتابخانە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەکرێنەوە

بەپێی ئەو بەروارەی بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەستنیشان کراوە، چوارشەممەی داهاتوو ٢٥ی مانگی ئەیلوول یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان و زەنگی خوێندن لێ دەدرێت. ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی خوێندن تەواو بوون و بەگوتەی بەڕێوەبەری پەرورەدەی هەولێر ئەمساڵ ئامادەکارییەکان خێراتر بوون و هەوڵیان داوە بێ هیچ کەم وکورتییەک وەرزی خوێندن دەست پێ بکەن.

مامۆستا دلێر عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر، بۆ هەولێر، گوتی ئەم هەفتەیە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن تەواو دەبن و لە ڕووی وردبینی میلاکات و ڕێکخستنی سەرجەم پێداویستییەکانی قوتابخانەکان لە هەوڵێکی بەردەوام و چڕدان.
یەکێک لەو کێشە گرنگانەی ئەمساڵی پەروەردە لە ساڵی ڕابردوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە لە ماوەی رابردوودا چاوەڕوانیی سەرجەم وانەبێژان بەدی هات و کرانە گرێبەست و ئەمەش کاریگەریی باشی لەسەر کێشەی میلاکات و پڕۆسەی خوێندن دەبێت. ١٦ی ئەم مانگە له‌ دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران واژۆ له‌سه‌ر ناوی و لیستی سی و هەشت هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژ كرا و كرانه‌ گرێبه‌ست و لەمەودوا مووچەی گرێبەست وەردەگرن.
وەک زیاتر خستیە روو، پێش ئەوەی قوتابخانەکان بکرێنەوە سەرجەم کێشەکانی حانووتەکانی وەک گرێبەست و کرێی حانووت تەواو بوون و مەبەستێکی سەرەکی ئەوە بووە لە ڕێگەی لیژنە پێوەندیدارەکانەوە بتوانن چی کەم و کورتی قوتابخانەکان هەیە پڕی بکەنەوە.
لە بواری شوێن و باڵەخانەی قوتابخانەکان، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر ئاماژەی دا لەم ماوەیەدا بەر لە دەستپێکردنی خوێندن سێ باڵەخانەی نوێی قوتابخانە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەکرێنەوە و پێداویستییەکانی وەک کتێبیش بۆیان دابین کراوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی ساڵی نوێ، چل و دوو باڵەخانەی نوێ بۆ قوتابخانە و باخچەکان دروست کراون و لە ماوەی ئەم مانگە یان مانگی تشرینی یەکەم دەکرێنەوە و دەوامیان تێدا دەکرێ. لە ماوەی ئەو کابینەیەدا سەد و نەوەد و چوار باڵەخانەی قوتابخانە دروست کراون کە بودجەکەیان لەسەر حکوومەت، پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بەخشەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووە.
یەکێک لە کێشەکانی پەروەردە ئەوەیە ئەو کتێبانەی وەزارەتی پەروەردە بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشی دەکات زۆر جار بەر قوتابخانە تایبەتییەکان ناکەوێت و ئەولەویەت بۆ قوتابخانە حکوومییەکانە و ئەمەش هۆکارە لەوەی قوتابییەکانی کەرتی تایبەت جگە لە کرێی خوێندن خەرجیی کڕینی کتێبیشیان بخرێتە ئەستۆ. ساڵی ڕابردوو زۆربەی قوتابخانە تایبەتییەکان بۆ هەر قوتابییەک حەفتا و پێنج هەزار دیناریان لە خێزانەکان وەرگرت کە ناڕەزایەتی دایک و باوکی قوتابییانی بەدواوە بوو.
ئەوان دەڵێن لانی کەم ئەو چاوەڕوانییەیان لە وەزارەتی پەروەردە هەیە کتێب بە بێ بەرانبەر بە منداڵەکانیان بدرێت و ناکرێ لە نێوان قوتابییەکاندا جیاوازی بکرێت، قوتابی گوناحی چییە لەبەر ئەوەی لە کەرتی تایبەتە دەبێ کتێبەکەش هەر بە پارە بکڕێت لە کاتێکدا ئەو پارەیەی باوان بۆ کرێی خوێندن دەیدەن ئەرکێکی گەورە لەسەر حکوومەت لادەبەن و هاوکاری پڕۆسەی خوێندنن.
مامۆستا دلێر لەو بارەیەوە ڕوونی کردەوە ئەوان تەواوی ئەو کتێبانەی لە وەزارەتەوە بەدەستیان دەگات و بۆیان دابین دەکرێ بەسەر قوتابخانەکاندا بە گوێرەی ژمارەی قوتابی دابەشی دەکەن. وەک زیاتر خستیە ڕوو ئەولەویەتیان قوتابخانە حکوومییەکانە و ئەگەر کتێبی زیاتر بەدەستیان بگات ئەوا هیچ لارییەکیان لە دابەشکردنی کتێب بەسەر قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی هەولێر بە تایبەتی و گشتییەوە نییە.

ھەواڵی زیاتر