یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری کرد

سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری، باشترکردنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی و چارەکردنی کێشەی نێوانیان تاوتوێ کرد.

سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە دكتۆر باسم بەدری، سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری كرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی “لە دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری وێڕای ئاماژەدان بە ئەرك و كارەكانی دەستەكەیان، جەختی لەوە كردەوە كە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ و دوور لە دەستوەردانی سیاسی دەکەن و داواشی كرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم ئەو هاوئاهەنگییان هەبێت، بە تایبەت كە خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەن و قوربانیی دەستی سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشووی عێراقن، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر بەدەم كێشە و داواكانیان بچن و هەروەها دەستەكەیان هاوكاریان بێت بۆ مسۆگەركردنی دادپەروەری و بەدیهێنانی خواستەكانیان”.

هەروها داواشیان كرد پەیوەندیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان باشتر ببێت و ئاستەنگەكانی بەردەم پەیوەندی و هاوئاهەنگیەكانیان چارە بکرێت.